قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، لە قۆناغە جیاوازەكانی مێژوودا، هەوڵی بێ ئومێدانە بۆ سڕینەوەی ناسنامەی پێكهاتەكانی گەلی كورد دراوە.
قوباد تاڵەبانی لە پەیامێكدا بۆ یادی 46 ساڵەی كۆمەڵكوژی كوردانی فەیلی رایگەیاند، نەتەوەی كورد لەوە مەزنتر و رەسەنترە كە دوژمنانی بتوانن لەڕێگەی تاوانەكانی جینۆساید، راگواستن، زەوتكردنی ناسنامە یان هەر كردەوەیەكی دڕندانەی ترەوە لەناوی ببەن.
دەشڵێت، لە قۆناغە جیاوازەكانی مێژوودا، هەوڵی بێ ئومێدانە بۆ سڕینەوەی ناسنامەی پێكهاتەكانی گەلی كورد دراوە، بەڵام ئەو تاوانانە نەك هەر نەیانتوانی ئیرادەمان تێكبشكێنن، بەڵكو هەستی هاوپەیوەندی و هاوچارەنووسییان لەناوماندا بەهێزتر كرد.
لە كۆتایی پەیامەكەشیدا قوبادتاڵەبانی رایدەگەیەنێت، لە 46ەمین ساڵیادی جینۆسایدو وڵاتبەدەركردنی خوشك و برا كوردە فەیلییەكانماندا، سەری ڕێز و نەوازش لە ئاست گیانی پاكی شەهیدان و قوربانییان دادەنەوێنین و جارێكی تر تەئكید لە یەكێتیی چارەنووسمان دەكەینەوە.