ئێران كۆنتڕۆڵی تەواوەتی بەسەر گەرووی هورمزدا سەپاندووە و زۆربەی جووڵەی كەشتییەكان لەنێو ئەو ڕێڕەوە ئاوییەدا بۆ بەرژەوەندیی تارانو هاوپەیمانەكانیی بەكاردەهێندرێت.
بەپێی شیكارییەكی ئاژانسی فرانس پرێس كە پشتی بە داتاكانی كێپلەر بەستووە، لە هەر 10 كەشتییەك كە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن، 6 كەشتییان یان لە ئێرانەوە هەناردەكراون یان بەرەو ئێران دەڕۆن. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت كە 60٪ـی ترافیكی دەریایی گەرووەكە لە دەست ئێراندایەو تاران تەنیا رێگە بە كەشتییەكانی خۆی یان ئەو وڵاتانە دەدات كە لەگەڵیدا رێككەوتوون.
لە 28ـی شوباتەوە تا 3ـی نیسانی 2026، كۆی گشتی 240 كەشتی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوون. لەو ژمارەیە 221 كەشتییان سووتەمەنییان هەڵگرتووە و ئەوانی تریش تایبەت بوون بە گواستنەوەی كاڵا و شمەكی جیاواز. زۆربەی ئەو كەشتیانەی لە ئێرانەوە دەرچوون، بەرەو وڵاتی چین بەڕێكەوتوون.
لە نێو ئەو كەشتیانەی تێپەڕیوون، 40 ترانزێت هەبووە كە 1 ملیۆن و 600 هەزار تۆن بەرهەمی نەوت، غازی شل و قیریان هەڵگرتووە. هەروەها 21 كەشتی كەرەستەی پیشەسازی وەك ئاسن و پۆڵایان تێدا بووە. هەروەها لە سەرەتای مانگی ئادارەوە 6 كەشتی لە بەڕازیل و ئەرجەنتینەوە باری سۆیاو گەنمەشامییان گەیاندووەتە ناو كەنداو.
تاران گەرووی هورمزی وەك خاڵێكی ستراتیژیی بەرگری لە جەنگەكەدا بەكارهێناوە. ئەم هەنگاوەی ئێران وەك وەڵامێكە بۆ هێرشە هاوبەشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل، كە بووەتە هۆی پەكخستنی دابینكردنی نەوت و غازی جیهانی و ناسەقامگیرییەكی زۆری لە بازاڕەكانی وزەدا دروستكردووە. ئامارەكان دەریدەخەن كە تەنیا 7 كەشتیی نەوتهەڵگری سعوودیە توانیویانە لەم ماوەیەدا گەرووەكە ببڕن.