مانگی تەمموز رێككەوتنی هەناردەكردنی نەوت لە نێوان توركیا و عیراق كۆتایی دێت

عیراق 02:39 PM - 2026/05/20

مانگی تەمموزی داهاتوو ، رێككەوتنی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆری نەوتی جەیهان لە نێوان توكیاو عیراق كۆتایی دێت .
توركیا لە دووی تەمموزی 2025دا رایگەیاند ،كاركردن بە ڕێككەوتننامەكانی هێڵی بۆری نەوت لەگەڵ عیراق كۆتایی پێدەهێنێت، ئەمەش لە27 ی تەمموزی 2026 ەوە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە. بەو پێیەی سەرۆكی توركیا بڕیاری سەرۆكایەتی دەركرد و لە رۆژنامەی رەسمیدا  لە 21ی تەمموزی 2025دا بڵاوكرایەوە، كە تێیدا كۆتایی بە كاركردن بەو ڕێككەوتننامە و پرۆتۆكۆلانە هێنا كە لە نێوان توركیا و عیراقدا ئیمزاكرابوون سەبارەت بە هێڵی بۆری نەوتی خاو كە لە عیراقەوە بۆ توركیا درێژدەبێتەوە.
ئەم بڕیارە پاڵپشت بە ماددەی 11ی ڕێككەوتننامە هەمواركراوەكەی  ساڵی 2010  هاتووە، كە ڕێگە بە لایەنێك دەدات كۆتایی بە ڕێككەوتننامە درێژكراوەكەی (بۆ ماوەی 15 ساڵ) بهێنێت دوای ناردنی ئاگاداركردنەوەیەك بۆ لایەنەكەی تر، ساڵێك پێش بەسەرچوونی ڕێككەوتننامەكە. ئەمەش بەو مانایەیە كە توركیا لە تەممووزی 2026ەوە لە ڕووی بەهای یاساییەوە پابەند نابێت بە گواستنەوەی نەوتی عیراق لە رێگەی خاكەكەیەوە، مەگەر رێككەوتننامەیەكی نوێ ئیمزا بكرێت.
پێدەچێت ئەم بڕیارەی توركیا پەیوەندی بە نیگەرانییەكانیەوە هەبێت لە عیراق، كە پێشتر داوایەكی یاسایی لە دادگای ژووری بازرگانی لە پاریس تۆماركردبوو و بووە هۆی غەرامەكردنی توركیا بە بڕی یەك ملیار  500 ملیۆن دۆلار بەهۆی رێگەپێدانی بە هەناردەكردنی نەوتی كوردستان لە رێگەی هێڵی جیهانەوە بە پێچەوانەی ئەو رێككەوتننامەیەی كە لەگەڵ عیراقدا ئیمزاكرابوو. یا ڕەنگە بڕیارەكە پەیوەندیدار بێت بەوەی كە بودجەی توركیا تێچووی بەگەڕخستنی هێڵی جیهانی توركی گرتووەتە ئەستۆ، لەوانەش پاسەوانی، پەمپەكان، ئەندازیاران، كارگێڕان و سەرپەرشتیاران، كە بڕیاربوو ئەم تێچووانە لە ڕێگەی ڕسووماتی تێپەڕبوونی نەوتەوە دابینبكرێن، بەڵام لە ماوەی ڕاگرتنی بۆرییەكەدا توركیا هیچ ڕسووماتی ترانزێتێكی دەستنەكەوتووە، ئەمەش بووە هۆی كەڵەكەبوونی بارگرانی دارایی لەسەر ئەنكەرە. هەروەها ئەگەری هەرە بەهێز ئەوەیە كە بڕیارەكە پەیوەندی بە ئارەزووی توركیاوە هەبێت بۆ دروستكردنی هێڵی بۆری نوێ بۆ گواستنەوەی نەوت و غازی سروشتی لە بەسرەوە بۆ بەندەری جیهان لەسەر دەریای ناوەڕاست.
رێككەوتننامەی بۆری نەوتی عیراق-توركیا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی حەفتاكان،ڕێككەوتننامەكە لە ساڵی 1973دا ئیمزا كراوە و و لە ساڵانی 1976 - 1977  دا بونیادنانی هێڵی بۆرییەكە تەواو بووە، بەڵام لەو كاتەوە تا ئێستا، واتە نزیكەی 50 ساڵە،  نەتوانراوە سوود لە تەواوی توانای گواستنەوەی ئەم هێڵە وەربگیرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو