سەرەڕای ئەوەی لە سێ مانگی ڕابردوودا نرخی زێڕ بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە، بانكە جیهانییەكان پێشبینی بەرزبوونەوەیەكی مێژوویی بۆ ئەو كانزا زەردە دەكەن لە ماوەی داهاتوودا و دەڵێن ، نرخیهەر ئۆنسەیەك بۆ شەش هەزار دۆلار بەرز دەبێتەوە.
لە سێ مانگی ڕابردوودا، نرخی یەك ئۆنسە زێڕ بەراورد بە مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ هەزار دۆلار دابەزینی تۆمار كردووە. ئێستا نرخی هەر ئۆنسەیەك زێڕ لە بۆرسەدا بە چوار هەزار و 540 دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرێت، لە كاتێكدا لە كۆتاییەكانی مانگی كانوونی دووەمدا گەیشتبووە ئاستێكی پێوانەیی كە پێنج هەزار و 600 دۆلار بوو.
بەپێی توێژینەوەكانی بانك ئۆف ئەمریكا، زێڕ سەرەڕای فشارە كورتخایەنەكان، هێشتا توانای گەیشتن بە شەش هەزار دۆلاری لە 12 مانگی داهاتوودا هەیە. هۆكاری فشارەكانی سەر زێڕ بۆ جەنگی ناوچەكە و بەرزبوونەوەی نرخی وزە دەگەڕێتەوە، كە وایكردووە یەدەگی بانكی فیدراڵی ئەمریكا كەمتر كەمكردنەوەی ڕێژەی سوودی بانكی سنووردار بكات.
ئەم دیدگایە هاوتەریبە لەگەڵ هەڵسەنگاندنە نوێیەكانی دامەزراوەی گۆڵدمان ساكس، كە لە ڕاپۆرتێكی ئەم دواییەیدا پێشبینی كردووە بانكە ناوەندییەكان كڕینی كانزا زەردەكە چڕتر بكەنەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی تا كۆتایی ئەمساڵ، نرخی زێڕ بۆ ئاستی پێنج هەزار و 400 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەك بەرز ببێتەوە.ئەنجومەنی جیهانیی زێڕ روونی كردووەتەوە ،قەبارەی كڕینی زێڕ لەلایەن بانكە ناوەندییەكانی جیهان لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە 244 تۆن. ئەم بڕە بەراورد بە چارەكی كۆتایی ساڵی رابردوو كە 208 تۆن بوو، بڕی 36 تۆن زیادی كردووە، ئەمەش نیشانەی مەیلی وڵاتانە بۆ كۆكردنەوەی زێڕ وەك یەدەگێكی جێگیر.