نزار ئامێدی سەرۆك كۆماری عیراق دەڵێت ، هیچ بژاردەیەك لە بەردەم یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستاندا نییە، جگە لە رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكومەتێك كە تێیدا هاوبەشی راستەقینە بن.
نزار ئامێدی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی ئەل حەدەس باسی لە كۆبوونەوەی هەر چوار سەرۆكایەتییەكەكرد، كەدواین كۆبوونەوەی سەرۆكایەتییەكان تاوتوێی دۆسیە ستراتیژییەكانی ئابووری و ئەمنیی كردووەو ڕێككەوتن كراوە لەسەر كاركردنی تەواوكەر لەنێوان سەرۆكایەتییەكان و هێزە سیاسی و پەرلەمانی و كۆمەڵایەتییەكان بۆ ڕێگریكردن لەكەوتنی عیراق بەرەو دەرەنجامەكانی جەنگ و قەیرانە ئەمنیی و ئابوورییەكانی ناوچەكە.سەبارەت بە دروشمی( عیراق پێش هەموو شتێك) نزار ئامێدی وتی، ئێمە دروشمی عیراق پێش هەموو شتێك و رزگاركردنی وڵاتمان بەرزكردووەتەوە، هەمووان لەسەر یەك كەشتین، ئەگەر بەدبەختییەك رووبدات و كەشتییەكە نقوم بێت، هەموومان نقوم دەبین.
سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی گەندەڵكاران سەرۆك كۆماری عیراق باسی لەوەكرد،دۆسیەی گەندەڵی ئیرادەیەكی ڕاستەقینەی حكومەتی لەپشتە و پشتگیریی تەواوی سەرۆكایەتییەكان و پەرلەمان و هێزە سیاسییەكانی هەیە، چونكە گەندەڵی مەترسییەكەی كەمتر نییە لە تیرۆر. ئەمە بڕیارێكە و گەڕانەوەی بۆ نییە، كەس لە سەرووی یاساوە نییە و هیچ هێڵێكی سوور لەم دۆسیەیەدا بوونی نییە.
سەبارەت بە پرۆسەی كۆكردنەوەی چەك نزار ئامێدی رایگەیاند،كۆنترۆڵكردنی چەك بە دەستی دەوڵەت یەكێكە لە گرنگترین دۆسیەكانی حكومەت، ئێستا بڕیار و ئیرادەیەكی ڕاستەقینە هەیە بۆ كۆنترۆڵكردنی چەك بە شێوازێكی عیراقی، نیشتمانی و حەكیمانە و بەبێ خوێنڕشتن. هەنگاوە سەرەتاییەكان دەستیان پێكردووە و هەندێك لە گروپە چەكدارەكان كاردانەوەی ئەرێنییان هەبووە.
لەبارەی ئاسایشی ناوچەكەشەوە نزار ئامێدی روونیكردەوە، لەگەڵ كۆتاییهاتنی جەنگ لە ناوچەكە، دەرفەتێك بۆ دروستكردنی چوارچێوەیەكی ئەمنیی ناوچەیی دێتە ئاراوە كە وڵاتانی ناوچەكە دەگرێتەوە و عیراقیش رۆڵێكی سەرەكی تێیدا دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بوژانەوەی ئابووریی ناوچەكە.راشیگەیاند،عیراق رەتیدەكاتەوە خاكەكەی بۆ هێرشكردنە سەر هیچ وڵاتێكی ناوچەكە بەكاربهێنرێت، بەتایبەت وڵاتانی كەنداو، چونكە ئاسایشی عیراق و كەنداو یەكە.باسی لەوەشكرد،عیراق هەوڵ دەدات پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا بەهێز بكات و وەك هاوبەشێكی ستراتیژی بۆ بونیادنانی ئابوورییەكی بەهێز لە ناوچەكە سەیری دەكات. هەڵسەنگاندنی پێویستی بە مانەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی یان دەستبەرداربوون لێی، بەپێی راپۆرت و پێداویستییەكانی هێزە چەكدارەكانی عێراق دەبێت.
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی بەغداد و هەولێر، نزار ئامێدی رایگەیاند، هەندێك كەموكوڕی لە پەیوەندیی نێوان بەغداد و هەولێر هەیە و دەستوور پارێزەری ئەم پەیوەندییەیە. كێشەی ئێستای هەرێمیش نەبوونی حكومەتێكی نوێ و چالاكنەكردنی پەرلەمانە. داوا لە هەردوو حزبە سەرەكییەكەی هەرێم دەكەن بگەنە رێككەوتن و هاوبەشیی راستەقینە و حكومەتێكی خاوەن دەسەڵاتی تەواو پێكبهێنن.
چارەسەری كێشە داراییەكانیش لە ڕێگەی یاسای بودجە و دڵنیابوون لە مافە دەستوورییەكانی هەرێم دەبێت.سەبارەت بە یاسا و دەستوری عیراق ، سەرۆك كۆمار رایگەیاند،وڵاتەكە هێشتا یاسای نەوت و غازی نییە و پێویستە دەربچوێنرێت. زیاتر لە 50ماددەی دەستووری هەن كە تا ئێستا بە یاسا ڕێك نەخراون، هەروەها سەدان بڕیاری كۆن هەن كە لەگەڵ واقیعی ئێستا ناگونجێن و پێویستیان بە پێداچوونەوەیە. سەرۆك كۆمار مافی پێشكەشكردنی پڕۆژە یاسای هەیە و لەگەڵ دەسەڵاتەكانی دیكە بۆ تەواوكردنی یاسادانان لەم خولەدا هاوكاری دەكات.