هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان ،ماوەی چەند رۆژێكە لە سنوری پارێزگای كەركوك چاودێرێكی جموجوڵی گرووپی تیرۆریستی داعش دەكات و لە بەرەبەیانی ئەمڕۆشدا لە ئۆپراسیۆنێكی بەرفراوانی هاوبەشدا ، كێوماڵی مۆڵگەكانی داعش لە سنووری چیا چەرمك و قەرەسالم لە ناحیەی پردێی كرد .
ماوەی دوو رۆژە، هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان لەگەڵ دژەتیرۆری عیراق بە بەشداریی هێزەكانی فەڕەنسا لە چوارچێوەی هاوپەیمانان، كێوماڵێكی ئەمنیی هاوبەشیان لە ناوچەی قەرەسالم لە سنووری كەركوك دەستپێكردووە ،لە كێوماڵەكەی ئەمڕۆدا، ژمارەیەك چەكداری داعش ڕووبەڕووی هێزەكانی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكەی،هێزەكانی كۆماندۆ و دژەتیرۆری عیراق بوونەتەوە و لە ئەنجامیشدا بەپێی سەرۆكی دەزگای رووبەڕووبوونەوەی تیرۆری عیراق، ئەفسەرێك بەپلەی ملازمی یەك، لە هێزی دژەتیرۆری عیراق كوژراوە.
كێوماڵەكە بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی چەند شانەیەكی چەكدارانی داعش و لەسەر بنەمای زانیاریی دروست بووە، كە داعش لە سنووری كەركوك بەتایبەتی لە ناوچەكانی پردێ و دووبز جموجۆڵی كردووە.
هەر لە ئۆپراسیۆنەكەدا نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نزیك گوندی چیاچەرمۆك، شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان چەكدارانی داعش و هێزێكی هاوبەش دەستیپێكردووە و بە فڕۆكەی جەنگی ئێف 16 بۆردوومانی چەكدارانی داعش لە سنووری شارەدێی پردێ كراوە
ئەم چالاكییەش دوای ئەوە دێت رۆژی شەممەش ، فڕۆكە جەنگییەكانی عیراق چەند جارێكی تر بۆردومانی پێگەكانی داعشیان كردووە. بۆردومانەكان لە نزیك گوندەكانی دەرمانا و چیاچەرمۆك لە سنووری شارەدێی پردێ ئەنجامدراون و تێیدا ژمارەیەك چەكداری داعش كراونەتە ئامانج و گورزی كوشندەیان لێدراوە.