سروە محەمەد: بەغداد لەم هەفتەیەدا تەمویلی مووچەی مانگی شەش رەوانە دەكات

کوردستان 03:58 PM - 2026/07/05

ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كاتی ڕەوانەكردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ داهاتە نانەوتییەكان ئاشكرا دەكات.

سروە محەمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق  لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەبارەت بە  خەرجكردنی مووچەی مووچە خۆرانی هەرێم ڕاگەیاند، لەم هەفتەیەدا وەزارەتی دارایی عیراق تەمویلی مووچەی مانگی شەشی هەرێمی كوردستان ڕەوانە دەكات.

هۆكاری دواكەوتنی تەمویلەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هێشتا لە بەغداد سەرۆكایەتییەكان و بەشێك لە دەستە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان مووچەیان وەرنەگرتووە و تەكمیلەی مووچە لە عیراق تەواو نەبووە، ئەمەش پەیوەندی بە نەبوونی پارەی نەختینەوە هەیە.

سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەكان، ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە كرد ،بەغداد بڕی 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی مەقاسە دەكات. هەرچەندەوەفدی هەرێمی كوردستان داوای كەمكردنەوەی ئەو بڕەی بۆ 60 ملیار دینار كردووە و پێشنیارەكە خراوەتە بەردەست وەزیری دارایی عیراق، بەڵام تا ئێستا بەغداد پابەندە بە ڕێككەوتنە كۆنەكە و داوای 120 ملیار دینارەكە دەكات، تەنیا لە حاڵەتی هەمواركردنەوەی ڕێككەوتنەكەدا ئەو بڕە كەم دەكرێتەوە.

سروە محەمەد تەئكیدی لەوەشكردەوە ،تا كاتی دەرچوونی یاسای بودجەی 2027 لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، هیچ كێشەیەك بۆ مووچەی هەرێمی كوردستان دروست نابێت. بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، بڕیاری حكومەتی عیراق و وەزیری دارایی وایە كە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان مانگانە و وەك خۆی رەوانە بكرێت.

ئەمەش لە كاتێكدایە حكومەتی هەرێم دەڵێت ، ئەگەر تەمویلەكە  بڕی 120 ملیار دیناری لێببڕدرێت ، ئەوا كێشە لەمووچەی مووچە خۆراندا دروست دەبێت و ناتوانێت  ئەو كورتهێنانە پڕبكاتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو