فالح فەیاز بۆ لێكۆڵینەوە دەبرێتە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

عیراق 01:52 PM - 2026/08/20

بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەیەكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سێ لێپرسراوی باڵا بانگهێشت بكات، بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی چۆڵنەكردنی بارەگاكانی حەشدی شەعبی پێش ئەوەی بكرێنە ئامانج.
بەپێی نووسراوێكی رەسمی نووسینگەی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كە ڕۆژی 17ی ئابی 2026 دەرچووە، لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی پەرلەمانتار (ئەحمەد خەزعەلی) پێكهێنراوە. ئەركی ئەم لیژنەیە لێكۆڵینەوەیە لە هۆكارەكانی وەرنەگرتنی رێكاری پێویستی خۆپارێزی و چۆڵنەكردنی بارەگاكانی حەشدی شەعبی پێش ئەوەی لە لایەن هەردوو لایەنی "ئەمریكی و سعوودی"ـیەوە بكرێنە ئامانج. بۆ ئەو مەبەستە، ئەنجومەنی نوێنەران داوای كردووە كە ئەم سێ بەرپرسەی خوارەوە، لە بارەگای لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئامادە بن:  یەكەم: بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكوەزیران.
دووەم: عەبدولئەمیر شممەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان.
سێیەم: فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی.
ئەم بڕیارەش لە كاتێكدایە، لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەك بارەگای حەشدی شەعبی لە حەوت پارێزگای جیاواز كرانە ئامانج، و پەرلەمانتاران دەیانەوێت وردەكاریی ئەو كەمتەرخەمییانە بزانن كە بوونەتە هۆی نەپاراستنی ئەو شوێنانە و گیانلەدەستدانی كارمەندەكانیان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو