گەشتە ئاسمانییەكانی عیراق بۆ ئێران دەستیپێكردەوە

کوردستان 10:34 AM - 2026/08/20


دوای راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان عیراق و ئێران بەهۆی داخرانی كایەی ئاسمانی ناوچەكەوە، هێڵی ئاسمانیی عیراق دەستپێكردنەوەی گەشتە راستەوخۆكانی بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران راگەیاند.
بەپێی راگەیەندراوێكی رێكخراوی فڕۆكەوانیی مەدەنیی ئێران، دوای وەرگرتنی مۆڵەتی رەسمی یەكەم فڕۆكەی هێڵی ئاسمانیی عیراق لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی "سەرداری جەنگەڵ" لە شاری رەشت لە باكووری ئێران نیشتەوە، بڕیاریشە هەفتانە 9 گەشت بۆ ئەو شارە بكرێت.
لەلایەكی ترەوە، هەفتەی داهاتوو گەشتەكانی هێڵی ئاسمانیی عیراق بۆ تاران دەستپێدەكەنەوە، بەوەش كۆی گشتیی گەشتە هەفتانەییەكان لە بەغدا و نەجەفەوە بۆ تاران دەگاتە 18 گەشت، هەروەها بڕیارە لە خشتەی هەفتەی داهاتوودا،2 گەشتی هەفتانەی تریش بۆ شاری مەشهەد زیاد بكرێت.
لەدوای جەنگی ئەمریكا و ئێران و ئاڵۆزی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەموو گەشتە ئاسمانییەكانی وڵاتان بۆ ئێران راگیران، بەهۆیەوە زیانێكی زۆر بەر كۆمپانیا فڕۆكەوانییەكان كەوت، بەڵام دوای وەستانی جەنگ وا خەریكە دۆخەكە بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچێت و گەشتەكان دەستپێدەكەنەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو