ساڵانە هەزاران گەنجی هەرێمی كوردستان بە هیوای داهاتوویەكی باشتر، روو لەدەرەوەی وڵات بەتایبەت وڵاتانی ئەوروپا دەكەن، بەڵام بەشێكیان لە رێگەی كۆچی نایاساییدا دەبنە قوربانی، یان بۆ ماوەی چەند ساڵێك لە زیندانەكانی وڵاتانی تردا دەمێننەوە و دواتر دەگەڕێندرێنەوە هەرێم.
ئەبوبەكر عەلی، سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا داوای لە گەنجانی هەرێمی كوردستان كرد رێگە نایاساییەكانی كۆچ هەڵنەبژێرن، چونكە مەترسییەكانی زۆرن. ئەوەشی خستەروو، لە ماوەی دوو مانگدا 56 گەنجی هەرێمی كوردستان لە لیبیا بێسەروشوێن بوون، رۆژی رابردوو 36 كەس لەوانە لەلایەن دەزگای پاراستنی لیبیاوە لە دەستی مافیاكان رزگار كران و ئێستا لە باڵیۆزخانەی عیراقن، بەڵام چارەنووسی 20 گەنجی تر هێشتا نادیارە.