خورشید هەركی و حەیدەر هەركی بەتۆمەتی كوشتنی پێشمەرگەیەك، هاووڵاتیەك و نانەوەی ئاژاوەگێڕی و چەندین تۆمەتی تر دەستگیركران.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر راگەیەندراوێكی لەو بارەیەوە بڵاوكردەوە و رایگەیاند، دوای هەبوونی سكاڵای یاسایی و لەسەر فەرمانی دادوەر، هەردوو تۆمەتبار (خورشید لەتیف و حەیدەر لەتیف) لەلایەن هێزەكانیانەوە دەستگیركران.پۆلیسی هەولێر لەبارەی تۆمەتی سەر ئەو دوو كەسەوە دەڵێت: لەماوەی رابردوودا بوونەتە هۆكاری ئاژاوەگێڕی و كێشە، دەستدرێژییان كردووەتە سەر موڵك و ماڵی هاووڵاتیان و موڵكی گشتی، هەروەها تۆمەتبارن بەشەهیدكردنی پێشمەرگەیەك و هاووڵاتیەك و سووتاندنی كەلوپەلی سەربازیی هێزەكانی پێشمەرگە.
هەر لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەو دوو تۆمەتبارە كاریان بۆ هاندانی خەڵك دژی یاساو سەقامگیریی گشتی،رێگریكردن لەپڕۆژە حكومییەكان و هەڕەشەكردن لەتێكدانی ژێرخانی ئابووری لەشوێنە جیاجیاكانی قەزای خەبات كردووە.پۆلیسی هەولێر تەئكید لەوە دەكاتەوە كە لە ماوەی داهاتوودا هەردوو تۆمەتبار،لەسەر ئەو تاوانانەی دراونەتە پاڵیان، رووبەڕووی دادگا دەكرێنەوە .
ئێوارەی رۆژی هەشتی تەمموزی 2025 لەگوندی گردەڕەشەی سەر بەقەزای خەباتی پارێزگای هەولێر، شەڕ لەنێوان هێزە ئەمنییەكان و لایەنگرانی خورشید هەركی روویدا. لەئەنجامی شەڕەكەدا دوو كەس گیانیان لەدەستدا؛ یەكێكیان كارمەندێكی زێرەڤانی بوو و ئەوی تریان هاووڵاتییەكی سەر بەهۆزی هەركی و دانیشتووی خەبات بوو.