بەهۆی گەرماوە 25 كەس لە ئەمریكا گیانیان لەدەستدا

عیراق 01:18 PM - 2026/07/05

بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرمایە زۆرەی جیهانی گرتووەتەوە،لە ئەمریكا 25 كەس گیانیان لەدەستداوە كە 22 كەسیان لە ویلایەتی نیوجرسی بوون.

كەناڵی  ئەی بی سی نیوزی ئەمریكی بڵاویكردەوە، پلەكانی گەرما لە واشنتۆن لە جەژنی سەربەخۆیی ئەمریكادا بۆ 38.8 پلەی سیلیزی  بەرزبوونەتەوە، ئەمەش ژمارەیەكی پێوانەیی شكاندووە كە زیاتر لە 100 ساڵ بوو.لە راپۆرتەكەدا هاتووە: پێدەچێت شەپۆلی گەرما كە ژمارەیەكی پێوانەیی شكاندووە، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 25 كەس لە دووری باشوورەوە تا رۆژئاوای ناوەڕاست و كەناری رۆژهەڵات.

بە وتەی دالیا ئۆوایس وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی نیوجرسی ، ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە بۆ 22 كەس بەرزبووەتەوە. جگە لەوەش، گیانلەدەستدانێك كە بەشێكی پەیوەندی بە گەرماوە هەبووە لە ویلایەتی ئیلینۆیس تۆماركراوە، دوو گیانلەدەستدانی تریش لە ویلایەتی میسیسیپی تۆماركراوە.چەند ناوچەیەكیش لە ئەمریكا شەپۆلێكی گەرمی سەخت و بارودۆخی كەشوهەوای زریاناویان بەخۆیەوە بینیوە.

ئەمەش لە كاتێكدایە كۆتایی هەفتەی رابردوو، پلەكانی گەرما لە نیویۆرك  بۆ 38 پلەی سیلیزی  بەرزبوونەوە و بەهۆیەوە قیری شەقامەكان  لە شارەكەدا توانەوە. هەروەها چەندین شاری تری كەناری رۆژهەڵاتی ئەمریكا بەهۆی بەرزی پلەی گەرمی نائاسایی ئاهەنگەكانیان هەڵوەشاندەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو