بەپێی زانیارییەكانی گەلی كوردستان، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بۆ خەرجكردنی پارەی مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان چاوەڕوانی لیستی مووچە و داهاتی نانەوتییە. ئەمڕۆش دەستی بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی خۆی كردووە.
ئەمڕۆ، وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕاڵی عیراق، دەستیكردووە بە تەمویلكردنی پارەی مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی عیراق.
سەرچاوەیەكیش لە وەزارەتی دارایی ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەڵێت، رۆژی پێنجشەممە واتا سبەینێ، لیستی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تەسلیمی حكومەتی فیدڕاڵ دەكرێت.
سەرچاوەكە، دەشڵێت، بڕیارە وەفدێكی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، سەردانی بەغداد بكات و جگە لە لیستی مووچەی مانگی ئایار، تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی نیسانیش ببات.
بۆ خەرجكردنی مووچە لەلایەن بەغدادەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە، نووسراوی وەزارەتی نەوت و ناردنی داهاتی نانەوتیی هەرێمی كوردستانە، ئەگەر بێت و ئەوە بكرێت، ئەوا بەغداد لە هەفتەی داهاتوودا و پێش جەژنی قوربان مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم رەوانە دەكات.