وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان دەڵێت لەم ڕۆژانەدا لیستی مووچە بۆ بەغداد دەنێرن،بەڵام دەشڵێت تا مانگی پێنج كۆتایی نەیەت ناتوانن داهاتی نانەوتی بنێرن، لەكاتێكدا بەغداد ناردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی بەستووەتەوە بە ناردنی ئەو داهاتەوە.
بەئامادەبونی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی بانكەكان، ئاڵوگۆڕی پۆستی بەڕێوەبەری بانكی ناوەندی هەرێم / سلێمانی لە نێوان دكتۆر ماكوان جەمیل بەڕێوەبەری پێشووی بانكەكەو كەمال رەئوف وەك بەڕێوەبەری نوێی بانكی ناوەندی هەرێم بە وەكالەت لە سلێمانی كرا.
دوای ئەو ڕێوڕەسمە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری گەلی كوردستان ئامادەی بوو، ڕایگەیاند لەم ڕۆژانەدا لیستی مووچەی مانگی ئایار و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە ڕەوانەی بەغداد دەكەین.
وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان سەبارەت بە داهاتی نانەوتی وتی: تا مانگی پێنج كۆتایی نەیەت ناتوانین داهات بنێرین بۆ بەغداد. ئەوەش لەكاتێكدایە بەغداد مانگانە لەگەڵ ناردنی داهاتی نانەوتیی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت.
وتەكانی وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە، ڕۆژی 20ی ئایار، دابەشكردنی مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆران لە عیراق دەستیپێكردووە و بڕیارە پێش جەژن كۆتایی بێت.
بەپێی زانیارییەكانی گەلی كوردستان، داتاكاتی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان دەریخستووە، داهاتی نانەوتیی مانگی پێنج لەنێوان 55 بۆ 60 ملیار دینار دەبێت، هەرچەندە بڕەكە زیادیكردووە بەڵام دەبێت لەڕووی یاساییەوە لە كۆتایی مانگدا بۆ بەغداد بنێردرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەغداد ناردنی مووچەی بەستووەتەوە بە ناردنی ئەو بڕە پارەیەوە، بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت پێش كۆتایی هاتنی مانگی پێنج بڕەكە بنێرێت.
بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد، وەزارەتی دارایی عیراق بە نووسراوی ڕەسمی داوای داهاتی نانەوتی لە هەولێر ناكات، بەڵكو پێویستە هەرێم خۆی بەگوێرەی ڕێككەوتنەكان ڕەوانەی بكات. واتە ئەگەر هەرێمی كوردستان پێش جەژن هەموو پابەندییە داراییەكانی جێبەجێ بكات، ئەوا بەغداد دەتوانێت تەمویلی مووچە ڕەوانە بكات.
حكومەتی عێراق مانگانە پێویستی بە هەشت تریلیۆن دینار هەیە بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و دەرماڵە كۆمەڵایەتییەكان. بەگوێرەی ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد، ناردنی تەمویلی مووچەی هەرێم بەندە بە چوار مەرجی سەرەكی كە بریتین لە ناردنی لیستی مووچە، تەرازووی پێداچوونەوە، ڕادەستكردنی داهاتی نانەوتی فیدراڵی و پرسی فرۆشتنی نەوت. ئەوشە لەكاتێكدایە مانگی ڕابردوو لە ڕێكەوتی 21ی نیسان هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی ڕەوانەی بەغداد كردبوو.
با گوێبیستی وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان بین بزانین لەوبارەیەوە چی دەڵێت.