بانكی ناوەندی: گۆڕانكاری لە بەهای دۆلار و دینار ناكرێت

عیراق 10:06 AM - 2026/05/20

عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندیی عیراق دەڵێت، گۆڕانكاری لە بەهای  دۆلار و دینار ناكرێ و مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران دابین كراوە، هاوكات  دڵنیایش دەدات كە دۆخی ئابووریی وڵات سەقامگیرە و لەژێر كۆنترۆڵدایە.
 عەلی عەلاق رۆژی سێشەممە لەگەڵ نوێنەرانی بەشێك لە دەزگاكانی راگەیاندن كۆبووەوە و تێیدا باسی لە پرسە دارایی و نەختینەییەكان و رۆڵی بانكەكە لە سەقامگیركردنی بازاڕ و چاودێریكردنی بانكەكان كرد و رایگەیاند، بانكی ناوەندی بە بێلایەنییەكی تەواوەوە مامەڵە لەگەڵ بودجەی گشتیدا دەكات، بەرپرسیارێتیی بانكەكە تەنیا لە رێكخستنی سیاسەتی نەختینەیی، پاراستنی سەقامگیریی نرخی ئاڵوگۆڕ و چاودێریكردنی بانكەكانە، بێ ئەوەی دەستوەردان لە بژاردە سیاسی یان ئابوورییەكانی بودجە بكات. بە وتەی عەلی عەلاق  ، كار بۆ دروستكردنی هاوسەنگی لەنێوان كورتهێنانی پلان بۆ داڕێژراو و كورتهێنانی راستەقینە دەكەن، ئەوەش لە رێگەی ئامرازەكانی سیاسەتی نەختینەیی، وەك پێوانەكردنی قەبارەی نەختینە و پاراستنی سەقامگیری، بێ ئەوەی فشار بخەنە سەر بازاڕ.
 عەلی عەللاق باسی لە قۆناغەكانی چاكسازیی بانكی كرد كە بریتین لە پەرەپێدانی سیستمی پارەدان و تووندكردنی رێكارەكانی چاودێری بۆ رێگریكردن لە هەر كارێكی نایاسایی كە زیان بە بەهای دراوی نیشتمانی بگەیەنێت.
 پارێزگاری بانكیی ناوەندیی عیراق دڵنیایشیدا كە دۆخی ئابووریی وڵات سەقامگیرە و لەژێر كۆنترۆڵدایە و ئەو رێكارانەی لە مانگەكانی رابردوودا گیراونەتەبەر، بوونەتەهۆی كەمكردنەوەی ناجێگیری و زیادكردنی متمانە بە سیستمی دارایی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو