ئامادەكارییە سەربازییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ لێدانی ئێران گەیشتوونەتە بەرزترین ئاست و دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاش ،چاوەڕێی دواین هەوڵی دیبلۆماسی دەكات پێش وەشاندنی گورزە سەربازییەكە.
بەپێی راپۆرتێكی ماڵپەڕی ئەكسیۆس،ترەمپ ئێوارەی رۆژی دووشەممە لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەكەی كۆبووەتەوە و پێداچوونەوەی بۆ بژاردە سەربازییەكان كردووە. دوو بەرپرسی ئەمریكی ئاشكرایان كردووە كە ترەمپ تا كۆتایی هەفتە مۆڵەتی داوەتە تاران تا ڕێككەوتن ئەنجام بدەن.
هاوكات دەزگای پەخشی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێكی ئەمنیی ئەمریكییەوە ڕایگەیاندووە، پێدەچێت ترەمپ بەمزووانە بڕیاری كۆتایی لەسەر دەستپێكردنی شەڕ دژ بە ئێران بدات و ئامادەكارییە هاوبەشەكانی نێوان واشنتۆن و تەلئەبیب بۆ ئەم مەبەستە بە تەواوی كۆتاییان هاتووە. بەپێی زانیارییەكانی ئەو دەزگایە، رۆژی سێشەممە دامەزراوەی سەربازیی ئیسرائیل و كۆشكی سپی كۆبوونەوەیەكیان بۆ تاوتوێكردنی ئەگەری هێرشكردنە سەر ئێران ئەنجامداوە و ئاستی ئامادەكارییەكان گەیشتووەتە لوتكە.
ئەمەش لە كاتێكدایە،لە چەند رۆژی رابردوودا، جوڵەیەكی نائاسایی فڕۆكە گوێزەرەوەكانی ئەمریكا بەرەو ئیسرائیل و بنكەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدیكراوە. پێشبینی دەكرێت ئەم فڕۆكانە ئەركی گواستنەوەی چەك و تەقەمەنی زیاتریان بۆ ناوچەكە پێسپێردرابێت وەك ئامادەكارییەك بۆ هەر هێرشێكی ئەگەری سەربازی لە ناوچەكەدا.