باڵیۆزخانەی توركیا لە بەغداد داوا لە هاووڵاتییانی وڵاتەكەی لە عیراق و هەرێمی كوردستان دەكات لە شوێنە قەرەباڵخەكان، بنكە سەربازییەكان، فڕۆكەخانەكانی هەولێر و بەغداد دووربكەونەوە و لەرێگەی وشكانییەوە بگەڕێنەوە بۆ توركیا.
باڵیۆزخانەكە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس لەبارەی دۆخی ئەمنیی عیراقەوە نوسیوێتی، دۆخی ئەمنی عیراق راستەوخۆ كەوتووەتە ژێر كاریگەریی پێشهاتەكانی ناوچەكە، هەربۆیە هاووڵاتییانی توركیا ئاگادار كراونەتەوە لە سەرتاسەری عیراق لە شوێنە قەرەباڵخەكان، گۆڕەپانەكانی خۆپێشاندان، لە دەوروبەری ناوچەی سەوزی بەغداد و ئەو شوێنانەی هاووڵاتییانی بیانی لێیان كۆدەبنەوە، دووربكەونەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا بە هاووڵاتییانی توركیا وتراوە: لەبەر ئەگەری چالاكبوونی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە شوێنە كراوەكان، بەتایبەتی لە فڕۆكەخانە نێودەوڵەتییەكانی بەغداد و هەولێر و دەوروبەریان، ناوچە نیشتەجێكانی دەوروبەری موسڵ، بەسرە و كەركوك، هەروەها لە بنكە سەربازییەكانی سەرتاسەری عیراق، بیرە نەوتەكان و ژێرخانە گرنگەكان دووربكەونەوە و زۆرترین بایەخ بە سەلامەتیی خۆتان بدەن.
باڵیۆزخانەی توركیا ئەوەی بیرهێناوەتەوە كە لە 28ـی شوباتی 2026ـەوە ئاسمانی عیراق داخراوەو داوای كردووە هاووڵاتییانی لە رێگەی وشكانییەوە بگەڕێنەوە توركیا و دەڵێت، رێگەی وشكانی لەنێوان وڵاتەكەیان و عیراق كراوەیە، دەروازەی سنووریی خابوورو ئیبراهیم خەلیل كراوەن، هەر بۆیە دەتوانن بە وریاییەوە و بەپێی دۆخی ئەمنی لە رێگەی وشكانییەوە بگەڕێنەوە.