جیهان لە هەوڵەكانی بۆ پاراستنی ژینگە شكستی هێناوە

عیراق 03:41 PM - 2026/04/04

قەیرانی وزە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە، وڵاتانی جیهانی ناچار كردووە جارێكی تر پەنا بۆ خەڵوزی بەردین بەرنەوە، ئەمەش مەترسی لەسەر هەوڵە ژینگەییەكان بۆ كەمكردنەوەی غازی ژەهراوی دروست دەكات. 

خەڵوز وەك پیسكەرترین ماددەی ژینگەیی دەناسرێت و پێشبینی دەكرا تا ساڵی 2030 بەكارهێنانی بەشێوەیەكی بەرچاو كەمبكرێتەوە، بەڵام پێدەچێت جەنگی ئێران ئەو ئامانجە لەناو ببات و پێشكەوتنی ساڵانێكی زۆر لە كەمكردنەوەی دەردانی گازە زیانبەخشەكان پووچەڵ بكاتەوە.

دانوستانكارانی كەشوهەوا دەیان ساڵە هەوڵی كۆتاییهێنان بە سەردەمی خەڵوز دەدەن. پێش جەنگی ئێرانیش ئەم ئەركە سەخت بوو، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی نەوت و غاز، ئێستا جیهان وەك بژاردەیەكی سەرەكی لە دووبارە بەكارهێنانەوەی خەڵوز دەڕوانێت. 

ژاپۆن كە یەكێكە لە گەورەترین هاوردەكارانی غاز لە جیهاندا، رایگەیاندووە وێستگەكانی كارەبای خەڵوز فراوان دەكات. لە بەنگلادیش و هیندستانیش، وێستگەكانی خەڵوز لە ئێستاوە قورسایی كەمیی سەرچاوەكانی تری وزەیان لە ئەستۆ گرتووە. هاوكات چین وەك گەورەترین بەكارهێنەری خەڵوز لە جیهاندا، سوودی لەم سەرچاوەیە وەرگرتووە بۆ هەمەچەشنكردنی وزە و لە تەنیشتیدا پانێڵی خۆر و ستوونی با فراوان دەكات.

تەنانەت لە ئەوروپاش بیر لە گەڕانەوە بۆ بەكارهێنانی خەڵوز دەكرێتەوە. ئەڵمانیا خەریكی لێكۆڵینەوەیە بۆ كارپێكردنەوەی بەشێك لە وێستگەكانی خەڵوز بۆ سنوورداركردنی تێچووی كارەبا. وڵاتانی وەك هۆڵەندا، پۆڵەندا و كۆماری چیك-یش ئەگەری هەیە جارێكی تر  سەرهەڵدانەوەی بەكارهێنانی خەڵوز بەخۆیانەوە ببینن، ئەگەر نرخی غاز بە بەرزی بمێنێتەوە.

شرۆڤەكارانی بۆرسەی لەندەن پێیانوایە، ئەوروپا دەتوانێت لەم هاوینەدا نزیكەی 20%ی كارەبا لە خەڵوزەوە بەرهەمبهێنێت بە بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئەگەر نرخی غاز بگاتە 60 یۆرۆ بۆ هەر مێگاوات لە سەعاتێكدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو