سەرۆكی كۆمەڵەی سوریا بۆ كەشتیوانی ئاشكرای دەكات، هەناردەی نەوتی عیراق بە خاكی سوریادا زیاترە لەوەی پێشبینی دەكرا .
محەممەد ڕیاز، سەرۆكی كۆمەڵەی سوریا بۆ كەشتیوانی و دابینكردنی نیشتمانی رایگەیاند، هەناردەكردنی نەوتی عیراق لە سوریاوە بەرەو دەریای ناوەڕاست هەنگاوێكی گرنگە. هەرچەندە بڕی نەوتی هەناردەكراو بە وشكانی كەمترە لەوەی پێشتر بە دەریادا دەنێردرا، بەڵام ئەو بڕەی ئێستا عیراق بە خاكی سوریادا هەناردەی دەكات زیاترە لەو ئاستەی پێشبینی دەكرا.
دەشڵێت، عیراق كار لەسەر نوێكردنەوەی هێڵی نەوتی كەركوك - بانیاس دەكات، چونكە ئێستا ئەم هێڵە لە دەرەوەی خزمەتگوزارییە. بە نوێكردنەوەی ئەم هێڵەش، تێچووی گواستنەوەی نەوت و مەترسییەكانی سەر پرۆسەكە بە شێوەیەكی بەرچاو كەمتر دەبنەوە.
ڕۆژی 2ی نیسانی 2026 وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاندبوو، لەڕێگەی خاكی سوریاوە دەستیان كردوە بە هەناردەكردنی نەوتی ڕەش، پلانەكەش بەوجۆرەیە كە ڕۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی دەروازەی وەلیدەوە بەتانكەر بۆ بەندەری بانیاس بگوازرێتەوە.
لە دوای داخستنی گەرووی هورمز، عیراق وەك هەنگاوێكی جێگرەوە بڕیاریدا لە باكووری وڵاتەوە نەوت هەناردە بكات بۆ ئەوەی زیانەكانی راوەستانی فرۆشتنی نەوت كەم بكاتەوە. عیراق لە سەرەتادا نەوتی كەركووكی لە ڕێگەی بۆریی هەرێمی كوردستانەوە هەناردە دەكرد، بەڵام دواتر بڕیاریدا سەرچاوەكانی هەناردەكردن زیادبكاتو خاكی سوریاشەوە نەوت بگەیەنێتە بازاڕەكانی جیهان.