کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ساڵی رابردوو خواست لەسەر زێڕ 84% زیادیكردووە

.

11:47 AM - 31/01/2026

لە ساڵی رابردوودا بانكە ناوەندییەكانی وڵاتان یەدەگی زێڕی خۆیان بە بڕی 863 تۆن زیادكردووە. ئەم هەنگاوەی بانكەكان وەك رێكارێك بۆ پاراستنی سەقامگیریی دارایی و رووبەڕووبوونەوەی قەیرانە ئابوورییەكان لە ئاستی جیهاندا دەبینرێت.


بەپێی ئامارەكانی ئەنجوومەنی جیهانیی زێڕ، ساڵی 2025 بۆ بازاڕی زێڕ ساڵێكی جیاواز بووە و تێیدا خواست لەسەر ئەم كانزا زەردە گەیشتووەتە زیاتر لە پێنج هەزار  تۆن، كە بە ڕێژەی 84% بەرزبوونەوەی تۆماركردووە. بەپێی زانیارییەكان، ناسەقامگیریی بارودۆخی جیهان وایكردووە وەبەرهێنەرانیش هاوشێوەی بانكە ناوەندییەكان بۆ سەلامەتیی سەرمایەكانیان روو لە كڕینی زێڕ بكەن.


نرخی زێڕ لە ماوەی ساڵی رابردوودا بازدانێكی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و بە ڕێژەی 90% گران بووە.

تەنیا لە مانگی یەكەمی ساڵی 2026دا نرخەكان بە ڕێژەی 22% بەرزبوونەتەوە، ئەمە لە كاتێكدایە كە لە ماوەی 6 مانگی رابردوودا ئەم كانزایە 61% گران بووە، بەڵام رۆژی هەینی دوای لێدوانێكی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا كاتێك رایگەیاند، كێڤین وارش پارێزگاری پێشووی بانكی ناوەندیی ئەمریكای كاندید كردووە، بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆكی بانكی ناوەندیی بگرێتە دەست و شوێنی جیرۆم پاوڵ، سەرۆكی ئێستای بانكەكە بگرێتەوە.

بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو زێڕ سەدا 9ی بەهاكەی لە دەستدا.


هەڵكشانی خێرای نرخی زێڕ و زیادبوونی خواست لەسەری، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە گرژییە سیاسی و ئابوورییەكانەوە هەیە. لەبەرئەوەی زێڕ وەك پەناگەیەكی ئارام بۆ پاراستنی سەروەت‌و سامان دادەنرێت، لە كاتی ناسەقامگیریدا خواست لەسەر كڕینی زێڕ لە لایەن وڵاتان و خەڵكەوە دەگاتە بەرزترین ئاست.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە