قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی یادی 37 ساڵەی دامەزرانی یەکێتیی ژنانی کوردستانەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: یەکێتیی ژنان بە مێژوو و خەباتی خۆی بەشێکی گرنگی لە بەرگری لە ماف و پێگەی ژنان لە کوردستان بەدەستهێناوە.
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، لە یادی 37 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی ژنانی کوردستاندا، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و هەموو ئەندامانی رێکخراوەکەتان دەکەم.
ئاماژەی بەوەشداوە، یەکێتیی ژنان بە مێژوو و خەباتی خۆی بەشێکی گرنگی لە بەرگری لە ماف و پێگەی ژنان لە کوردستان بەدەستهێناوە و لەم قۆناغەشدا نوێکردنەوەی رێکخراوەکەتان و گرتنەبەری بیروڕای نوێ، هەنگاوێکی گرنگە بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی بەهێزتر.
ئەوەشی روونکردووەتەوە: دڵخۆشم لەماوەی ساڵێکدا کار و چالاکیی جۆریتان ئەنجامدا، کە ئەمە سەرەتایەکی کاریگەر دەبێت بۆ ئەو خزمەتەی لەداهاتوودا پێشکەشی ژنانی کوردستانی دەکەن.
لە کۆتاییدا دەشڵێت: هیوادارم و داواشتان لێدەکەم کە نوێبوونەوەتان بکەنە دەستپێکێکی تر بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر لە خواست و پێویستییەکانی ئەمڕۆی ژنانی کوردستان و بوون بە دەنگ و پشتیوانییەکی راستەقینە بۆ داواکاری و مافەکانیان و بەشداریی کارایان لەسەرجەم کایەکاندا.
وتیشی: لەم یادەدا، پشتیوانیی خۆم بۆ یەکێتیی ژنان و هەموو هەوڵ و چالاکییەکانتان بۆ بەهێزکردنی پێگەی ژنان لە کوردستان دووپات دەکەمەوە.