ئەمڕۆ 37 ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتی ژنانی کوردستاندا تێدەپەڕێت، مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-یش پەیامی پیرۆزبایی ئاڕاستەی خاتوو لاڤە حیکمەت سەرپەرشتیاری گشتی یەکێتی ژنانی کوردستان و ئەندامانی دەکات.
دەقی پەیامەكە:
هەڤاڵ خاتوو لاڤە حیکمەت سەرپەرشتیاری گشتی یەکیتی ژنانی کوردستان
بەڕێزان ئەندامانی رێکخراوی تێکۆشەری یەکێتی ژنانی کوردستان
لە یادی ۳۷ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی ژنانی کوردستاندا پیرۆزباییەکی گەرمتان لێدەکەین و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازین.
یەکێتی ژنانی کوردستان لە قۆناغێکی هەستیاری ئاوارەیی پاش ئەنفال، لە هەنگاوێکی بوێرانە لەسەر دەستی تێکۆشەر هەڤاڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و بە هاوکاری هەڤاڵ کافیە سلێمان هاوڕێکانیان دامەزرا و بووە هەوێنی بەگەڕخستنی تواناکانی ژنانی کوردستان لە کایەی سیاسی و رێکخراوەییدا.
لە پاش راپەڕینەوە داکۆکییەکانی ئەم رێکخراوە لە ژنانی کوردستان بە جۆرێک بوو کە لە پێگەیاندن و دروستکردنی چەندین کادر و شارەزا لە بوارە جیاجیاکانی پیشەیی، دیموکراتی و ژیارییدا رۆڵێکی بەرچاو و سەنگینی هەبووە لە رێی سەرخستنی رەوتی یەکسانیخوازی و بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان.
ئێستاش لە قۆناغی نوێکردنەوەی رێکخراوەکەتاندا، بەرپاکردنی ستایلێکی نوێباو و زیندووی رێکخراوەیی ئومێدی پێشکەوتن و سەرکەوتنی زیاتری بزووتنەوەی ژنانی هێناوەتە کایەوە. دڵنیاین لەم قۆناغەشدا رەوتی کاری یەکێتییەکەتان بەرەوپێش دەچێت و لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەمدا یەکدەگرێتەوە.
هیوای سەرکەوتن بۆ قۆناغی نوێ دەخوازین و سڵاو بۆ تێکۆشانی پێشەنگانی خەباتی یەکێتی ژنان دووپات دەکەینەوە.
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان