ترەمپ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا خۆشحاڵی خۆی لە دۆخی ئێستا سەبارەت بە ئێران دەربڕی و رایگەیاند، ئەمریكا هیچ پلانێكی دەستبەجێی نییە بۆ لێدانی ئێران، ئەمەش ئەو قسە و باسانەشی كەمكردەوە كە باس لەوە دەكەن، كە ئامادەبووە دەستبەجێ دوای هەڵبژاردنەكانی ناوەڕاستی خول ململانێكان پەرەپێبدات.
لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی بەریتانی سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بە رەزامەندی خۆی لە دۆخی ئێستای رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران كرد و وتی،پێدەچێت هەموو شتێك بەدەستبهێنین كە دەمانەوێت.
لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە ئاماژە توندەكانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل كە ئەگەری هێرشكردنە سەر ئێران لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا هەیە، ترەمپ وتی: من ئامادەم و ئامادەین، ئامادەین ئەگەر پێویست بكات هەنگاو بنێین، بەڵام رەنگە هیچ پێویستییەك نەبێت. هاوكات لە لێدوانێكی جیادا سەبارەت بە دۆڕانی كۆمارییەكان لە هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریكا، ترەمپ هۆكارەكەی بۆ شەڕی ئێران گەڕاندەوە و وتی گەورەترین بارگرانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و سووتەمەنی بووە كە دەنگدەرانی توڕە كردووە نەك خودی شەڕەكە خۆی .هاوكات سوور بوونی لەسەر ئەو بڕیارەی دووپاتكردەوە و رایگەیاند،پەشیمان نییە لە بڕیاری چوونە شەڕ، كە بە هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسرائیل لە مانگی شوباتی رابردوودا بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دابوو، بە بڕیارێكی زۆر ژیرانە بۆ ئایندەی وڵات و جیهان وەسفی كرد.هاوكات رەتیكردەوە ئەم ئەنجامانە حوكمێكی شەخسی بێت لەسەر ئیدارەكەی، پاساوی شكستهێنانی كۆمارییەكانیشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی ناوی خۆی لەسەر سندوقی دەنگدان نەبووە بۆ راكێشانی دەنگدەران، ئەمە جگە لەوەی كە كەموكوڕی لە هەندێك لە كاندیدە دۆڕاوەكاندا هەیە.
ئەم لێدوانەی ترەمپ لە كاتێكدا بوو كە بنكەكانی دەنگدان لە سەرانسەری ئەمریكا لە هەڵبژاردنەكانی كۆنگرێسدا داخران ، كە نیگەرانییەكانی دەنگدەران سەبارەت بە هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی زاڵ بوو، ئەمەش هەڵكشانە كە دوای بڕیارەكەی هات بۆ دەستپێكردنی شەڕی هاوبەش لەگەڵ ئیسرائیل دژی ئێران.