وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عیراق، تەرخانكردنی دارایی بۆ تۆڕی چاودێریی كۆمەڵایەتی و زیادكردنی مووچەی هاوەڵی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لە خشتەكانی بودجەدا رادەگەیەنێت، بەپێی بڕیارەكە مووچەی چاودێر لە 170 هەزارەوە بۆ 250 هەزار دینار بەرز دەكرێتەوە.
محەممەد مووسەوی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە چوارچێوەی خشتەكانی بودجەی وەزارەتەكەیاندا، گوژمەی دارایی پێویست بۆ ئەو هاووڵاتیانە جێگیركراوە كە شایستەی هاوكارییەكانی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتین، ئەوانەی لێكۆڵینەوەی كۆمەڵایەتییان بۆ كراوە و سەلمێنراوە كە لەژێر هێڵی هەژاریدان.
وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەشكرد، تەرخانكردنی ئەو بودجەیە زیادكردنی مووچەی مانگانەی چاودێرانی كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لەخۆگرتووە، بە شێوەیەك مووچەكەیان لە 170 هەزار دینارەوە بۆ 250 هەزار دینار زیاد دەكرێت.وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەم هەنگاوە لە پێناو جێبەجێكردنی بڕگەكانی یاسای هەمواركراوی ژمارە 11ـی ساڵی 2024ە، كە تایبەتە بە یاسای مافەكانی كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت.
وەزارەتی كار باسی لەوەشكردووە، هەماهەنگییەكانیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق بەردەوامە بە مەبەستی دابینكردنی تەواوی شایستە داراییەكان بۆ جێبەجێكردنی ئەم دوو بڕیارە.