حكومەتی عیراق دەنگۆی قەرزكردنی 16 ترلیۆن دینار رەتدەكاتەوە

عیراق 10:54 AM - 2026/10/31

حكومەتی عیراق ئەو دەنگۆ و هەواڵانەی رەتكردەوە كە باس لە نیازی بەغداد دەكەن بۆ قەرزكردنی بڕی 16 ترلیۆن دینار لە پێنج دەوڵەتی جیاوازی عەرەبی و جیهانی بە مەبەستی پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی لە بودجەی گشتیدا.

حەیدەر عەبودی وتەبێژی حكومەتی عیراق لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند،  ئەو هەواڵانەی لە دەزگاكانی راگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبوونەتەوە سەبارەت بە هەوڵی وڵاتەكەی بۆ وەرگرتنی قەرزی دەرەكی لە وڵاتانی وەك سعودیە،كوەیت، چین، ئەڵمانیا و فەرەنسا،بە تەواوی دوورن لە راستییەوە و هیچ بنەمایەكی یاسایی و داراییان نییە.

وتەبێژی حكومەت ئاماژەی بەوەكرد، دۆخی دارایی عیراق  ئێستا جێگیرە و بەهۆی پاراستنی ئاستی بەرزی هەناردەكردنی نەوت و جێگیربوونی نرخەكانی لە بازاڕی جیهانیدا، وڵاتەكە لە دۆخێكدایە كە پێویستی بە پەنابردن بۆ هیچ جۆرە قەرزێكی دەرەكی نییە بۆ راپەڕاندنی كاروبارەكانی.

عەبودی ئەوەشی خستەڕوو ،ستراتیژی ئێستای بەغداد لەسەر بنەمای بەڕێوەبردن و وەبەرهێنانی وردی داهاتە ناوخۆیی و نەوتییەكان داڕێژراوە، بە شێوازێك كە بتوانرێت سەرجەم خەرجییە گشتییەكانی دەوڵەت، مووچەی فەرمانبەران و بودجەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بە تەواوی دابین بكرێت بەبێ ئەوەی بارگرانی دارایی یان پابەندیی نوێ بخرێتە سەر شانی نەوەكانی داهاتوو.

ئەم لێدوانە دوای ئەوە هات كە لە چەند رۆژی رابردوودا دەنگۆی بەرفراوان بڵاوبووەوە كە گوایە عیراق بەهۆی هەبوونی كورتهێنان لە بودجەی گشتیدا، دانوستان لەگەڵ چەند وڵاتێكی زلهێز و هاوسێ دەكات بۆ وەرگرتنی قەرزی خێرا، بەڵام روونكردنەوەكەی  حەیدەر عەبودی  كۆتایی بەو گومانانە هێنا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو