دەستەی گشتیی فڕۆكەوانیی مەدەنی لە سعودیە، رایگەیاند، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی شا عەبدوڵا بن عەبدولعەزیز لە جازان و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی نەجران لە باشووری شانشینەكە، ئێوارەی رۆژی دووشەممە رووبەڕووی دوو هێرش بوونەتەوە كە دامەزراوەكانیانی كردووەتە ئامانج.
راگەیەندراوێكی دەستەكە ڕوونی كردەوە، تیمەكانی فریاكەوتن و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەستبەجێ دوای روودانی هێرشەكان، بەپێی رێكار و پلانە پەسەندكراوەكان مامەڵەیان لەگەڵ هێرشەكاندا كردووە. ئاماژەی بەوەكردووە، بەهۆی ئەو هێرشانەوە 3 كەس بە سوكی برینداربوون و زیانی ماددیش كەوتووەتەوە.
دەستەی گشتیی فڕۆكەوانیی مەدەنی لە سعودیە ئاماژەی بەوەشكردووە، دەستەكە بە هەماهەنگیی بەردەوام لەگەڵ لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەكاندا، كار دەكات بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەكان و گرتنەبەری تەواوی رێكارە پێویستەكان بۆ مسۆگەركردنی سەلامەتیی گەشتیاران و كارمەندان، و پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی سیستمی فڕۆكەوانیی مەدەنی لە شانشینەكەدا.