سەرۆك وەزیرانی عیراق پێش دەستپێكی وەرزی بارانبارین بڕیاری پشكنینی بۆ سەرجەم بەنداوەكان دەركرد

کوردستان 11:04 AM - 2026/10/06

لیژنەی باڵای نیشتمانی بۆ ئاو بە سەرۆكایەتیی زەیدی كۆبووەوە و چەند بڕیارێكی دەركرد سەرۆك وەزیرانی عیراق پێش دەستپێكی وەرزی بارانبارین بڕیاری پشكنینی بۆ سەرجەم بەنداوەكان دەركرد، بڕیاریشدرا لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لەهۆكاری پیسبوونی سەرچاوەی ئاوی ئەڵوەن پێكبهێندرێت.

عەلی فالح زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق، سەرۆكایەتی یەكەم كۆبوونەوەی ئاسایی لیژنەی باڵای نیشتمانی بۆ ئاو كرد، كە تێیدا ژمارەیەك لە وەزیران، راوێژكاران و لێپرسراوانی جێبەجێكاری ئەو دۆسیەیە ئامادەی بوون.

بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆك وەزیران، كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە تاوتوێكردنی دۆخی گشتیی ئاو لە بەنداو و كۆگاكانی وڵاتەكە. هەروەها تاوتوێی گرتنەبەری ڕێكارە پێویستەكان بۆ كۆكردنەوەی ئاوی باران و لافاو، و دۆزینەوەی باشترین ڕێگا بۆ بەڕێوەبردنی یەدەگی ئاو بەپێی پێویستییە نیشتمانییەكان كرا.

لە كۆبوونەوەكەدا، بڕیاردرا بە گرتنەبەری تەواوی رێكارە یاسایی و چارەسەرە پێویستەكان بەرامبەر بەو سەرچاوە و لایەنانەی كە دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگەی رووباری دیالە. هەروەها پڕۆژەی پشكنین و هەڵسەنگاندنی گشتگیر بۆ بەنداوەكان خرایە نێو پڕۆژەكانی پلانی وەبەرهێنانی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكان، لەگەڵ دابینكردنی بودجەی پێویست و مامەڵەكردن لەگەڵیدا وەك بابەتێكی خاوەن ئەولەویەتی باڵا.

بەهۆی پێویستی بەردەوام بە خزمەتگوزارییەكانیان لە پڕۆژەی چارەسەركردنی هەمیشەیی بنەمای بەنداوی موسڵ، بڕیاردرا بە بەدەركردنی كرێكارانی رۆژانەی بەنداوەكە و گۆڕینیان بۆ كارمەندی گرێبەست. لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا، بە پێكهێنانی لیژنەیەكی ناوەندی بە سەرۆكایەتی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكان و ئەندامێتی فەرمانگە پەیوەندیدارەكان، بۆ كورتكردنەوەی رێكارەكانی تایبەت بە ناكۆكی نێوان پڕۆژەكانی بەنداوەكانی كۆكردنەوەی ئاو و پڕۆژەكانی تری وەزارەتەكان.

هەروەها لە كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای نیشتمانی بۆ ئاو بە سەرۆكایەتیی زەیدی، راسپاردەكانی تیمی نیشتمانی تایبەت بە دەستپێشخەری هەرێمی بۆ پاراستنی هەردوو ڕوباری دجلە و فورات، پەسەندكرا. ئەوەش لە رێگەی پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ پەسەندكردن و جێبەجێكردنی پڕۆژە پێشنیاركراوەكان لە ناو بودجەی وەبەرهێناندا.

ئەوە جگە لە پابەندكردنی پارێزگاكان بە كارپێكردنی وێستگەكانی چارەسەری ئاوی قورس و سپاردنی ئەركی چاودێریكردن و تۆماركردنی پێشێلكارییەكان بە وەزارەتی ژینگە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو