ڕێكخراوی فڕۆكەوانیی مەدەنی ئێران، ئاشكرایكرد، چەند ئاماژەیەكی پێگەیشتوە بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان بەرەو عوممانو ئازەربایجان كە ئەمەش دوو بەخشینی نوێیە لەناو ئەو گەمارۆ توندە ئەمریكییەی كە بەسەر كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانیی ئێراندا سەپێنراوە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، چەند كۆمپانیایەكی فڕۆكەوانیی ئێرانی گەشتەكانیان بۆ فڕۆكەخانەی نەجەف لەباشوری عیراق دەستپێكردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی واشنتۆن بەخشینێكی تایبەتی لەسزا ئابورییەكان بەبەغداد بەخشی تا ڕێگە بەڕێكخستنی ئەمجۆرە گەشتانە بۆ ناو ئەوشارە بدات.
هاوكات لەپەیوەندییەكی هاوشێوەدا، سەرۆكی ڕێكخراوی فڕۆكەوانیی مەدەنی ئێران ڕایگەیاند، نزیكەی 100 فڕۆكە لەجەنگی ئەمدواییەدا زیانیان بەركەوتوەو كەمتر لە 10 فڕۆكە بەتەواوی تێكشكاون، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا 27 فڕۆكەخانەی ئێران زیانی گەورەیان بەركەوتووە.
ئەو لێپرسراوە ئێرانییە وتوشیەتی،ئێستا 150 فڕۆكەمان لەژێر خزمەتگوزاریی كاركردندا هەن، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە كە ئەم ژمارە فڕۆكەیە لەم چركەساتەدا لەئاسماندا دەفڕن.
باسی لەوەشكردوە، بەگوێرەی ئەو نەخشەسازییانەی داڕێژراون، ژمارەی فڕۆكەكانی تیمی ئاسمانییەكەیان لەماوەی شەش مانگی داهاتودا دەگاتە 200 فڕۆكە.
پێشتر ئەمریكا تا 23ی ئەیلولی ڕابردوو مۆڵەتی دابووە ئەو كۆمپانیا بیانییانەی هاوكاریی كەرتی فڕۆكەوانیی ئێران دەكەن، تا پابەندی قەدەغەكردنەكەبنو وەك ڕاگرتنی دابینكردنی سوتەمەنی بۆ فڕۆكە ئێرانییەكان كاربكەن.