قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران سەردانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی کرد

کوردستان 01:32 PM - 2026/10/06

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران سەردانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی کرد و بە ئامادەبوونی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە لەگەڵ بریکار و بەڕێوەبەران و راوێژکارانی باڵای وەزارەتەکە کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێشەممە(6/10/2026) بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی بە دەستکەوتێکی گەورەی مێژوویی وەسف کرد کە نەک تەنها هاوڵاتییانی کوردستانی دڵخۆش کرد، بەڵکو وڵاتانی دۆست و هاوپەیمانیش بەم هەنگاوە دڵخۆش بوون.

جێگری سەرۆکوەزیران بەم بۆنەیەوە دەستخۆشی لە وەزیری پێشمەرگە و بریکار و بەڕێوەبەران و فەرماندەکان و راوێژکاران و هەموو ئەو کەس و لایەنانە کرد بەشداربوون لە هەوڵەکانی یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند ئێستا هەرێمی کوردستان خاوەنی هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانییە و جەختیشی کردەوە وەک حکومەتی هەرێم پشتیوانی لە هەر هەوڵێک دەکەن بۆ پێشخستنی زیاتری هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەشدا ئەم قۆناغە قۆناغی راهێنان و پڕچەککردنی زیاتری هێزی پێشمەرگەیە و لەم چوارچێوەیەدا هەوڵ دەدەن نوێنەرێکی وەزارەتی پێشمەرگە بەشداربێت لەو لیژنەیەی حکومەتی هەرێم کە بۆ جێگیرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە بودجەی حکومەتی فیدڕاڵ پێکهاتووە، بۆ ئەوەی باشتر بتوانرێت ماف و شایستەکانی هێزەکانی پێشمەرگە لە بودجەی فیدراڵی جێگیر بکرێت.

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند بە هەموو تواناوە کار دەکەن بۆ هاوتاکانی موچەی هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاکانیان لە سوپای عێراق، جگە لەوەش هەوڵ دەدەن بەپێی دەستوور هەر هەوڵێک بۆ پڕچەککردنی سوپای عێراق، هێزەکانی پێشمەرگەش بگرێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو