یاسای چوارچێوە لە رۆژنامەی رەسمیی توركیا بڵاوكرایەوە

عیراق 10:54 AM - 2026/08/18

رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆك كۆماری توركیا یاسای تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی ئیمزا كرد و لە رۆژنامەی رەسمیدا بڵاوكرایەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، یاسای چوارچێوە كە تایبەتە بە پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك و ناوی لێنراوە یاسای "هاودەنگی نیشتمانی و بەهێزكردنی یەكگرتنی كۆمەڵایەتی" لە رۆژنامەی رەسمی توركیا كە ناوی غەزەتەی رەسمییە بڵاوكرایەوە. ئەوەش دوای ئەوەی یاساكە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیاوە ئیمزاكرا. دوای بڵاوكردنەوەی لە رۆژنامەكە، سەرۆك كۆماری توركیا لە پەڕەی خۆی لە پلاتفۆڕمی "ئێكس" پەیامێكی بڵاوكردەوە و هیوای خواست ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی خێر بۆ وڵاتەكە.

یاساكە لە 12 ماددە پێكدێت لەژێر ناوی "هاودەنگی نیشتمانی و بەهێزكردنی یەكگرتنی كۆمەڵایەتی" لە 10ـی ئاب بە دەنگی بەڵێی 467 پەرلەمانتار لە كۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمانی توركیا پەسەند كرا. پەسەندكردنی ئەم یاسایە دوای ساڵێك لە كاری بەردەوامی كۆمیسیۆنی "پڕۆسەی چارەسەری" دێت، كە تێیدا گوێ لە نزیكەی 140 كەسایەتی گیرا و چەندین كۆبوونەوەی تایبەت كران. بەپێی ناوەڕۆكی یاساكە، پێویستە چەكدانان و كۆتاییهاتنی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەكانی توركیاوە پشتڕاستبكرێتەوە. 

هەر بەپێی یاساكە ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی پەكەكە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ توركیا و باكووری كوردستان، بەڵام عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پەكەكە و سەركردەكانی ئەو پارتە یاساكە نایانگرێتەوە، هەروەها ئەو ئەندامانەی پەكەكە كە تۆماتبارن بە كوشتن لەگەڵ ئەندامانەی پێش ساڵی 2005 بە زیندانیی هەمیشەیی سزادراون، یاساكە نایانگرێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو