دەریاوان برادلی كوپەر فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا سێنتكۆم ، دانی بە ماندووبوونی تیمی كەشتیی فڕۆكە هەڵگری یو ئێس ئێس ئەبراهام لینكۆڵندا نا و رایگەیاند، تیمەكە دوای 260 رۆژ لە دەریادا ماندوو بوون.
لە وتارێكدا كە لە وۆڵ ستریت جۆرناڵ دوای سەردانەكەی بۆ كەشتییە هەڵگرەكە بڵاوكراوەتەوە، كوپەر دەڵێت، ستافی تیمەكە ماندوون، بەڵام بە تەواوی توانای كاركردنیان بەردەوامن، هەروەها دان بە قەبارەی ئەو فشارانەدا دەنێت كە رووبەڕووی هەزاران دەریاوان دەبێتەوە دوای چەند مانگێك لە ئۆپراسیۆنەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
فەرماندەكەی سێنتكۆم ڕەتیكردەوە ،ئەو كێشانەی پێشتر لەلایەن راپۆرتە میدیاییەكانەوە سەبارەت بە بارودۆخی خزمەتگوزاری لەناو كەشتییەكەدا وروژێنراون بەردەوام بن و تەئكیدی لەوە كردەوە كە كێشەكانی پەیوەست بە خۆراك و ئاوی گەرم و كێشەكانی تر لەلایەن سەركردایەتی كۆمپانیای گواستنەوە چارەسەر كراون .
راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان ئاماژەیان بەوە كردبوو ،ژمارەیەك لە سەربازەكانی ناو كەشتی فڕۆكەهەڵگرەكە بەهۆی ماندوێتی و درێژخایەنی جێگیركردنی فڕۆكە هەڵگرەكەوە بەدەست فشاری دەروونی توندەوە دەناڵێنن.
كەشتیی فڕۆكە هەڵگری یو ئێس ئێس ئەبراهام لینكۆڵن زیاتر لە 260 رۆژی لە دەریادا بەسەر بردووە، لە ئەركێكدا كە بڕیار بوو لە مانگی ئایاری رابردوودا بە گەڕانەوەی فڕۆكە هەڵگرەكە بۆ ئەمریكا كۆتایی پێبێت.
بەگوێرەی زانیارییەكان، كەشتیی ئەبراهام لینكۆڵن لە نیوەی دووەمی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2025 دەستی بە جێگیركردنی كردووە، كە نزیكەی پێنج هەزار دەریاوان لەناو كەشتییەكەدا بوون، بۆ ئەنجامدانی ئەركەكانی پەیوەست بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.