نیویۆرك تایمز: دۆناڵد ترەمپ لە گەیشتن بە ئامانجەكانی لەگەڵ ئێران شكستیهێناوە

عیراق 10:42 AM - 2026/08/18

دوای كۆتایی هاتنی مۆڵەتە 60 رۆژیەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رۆژنامەی نیویۆرك تایمز، بڵاویكردوەتەوە ئیدارەی ئەمریكا شكستی هێناوە لە ئامانجەكانیدا و دووبارە پەنای بردوەتەوە بەر سیاسەتی ئەوپەڕی فشار و جەنگی ئابووری دژی ئێران.

رۆژناماكە ئاماژەی بەوەكردوە، ئەم بڕیارەی واشنتۆن دوای ئەوە هات كە مۆڵەتە 60 رۆژییەكەی دۆناڵد ترەمپ بۆ گەیشتن بە رێككەوتن بەسەرچوو و ئەمریكا نەیتوانی ئامانجە سەرەتاییەكانی بپێكێت، لەوانەش راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران و كردنەوەی گەروی هوورمز. 

بەپێی زانیارییەكان لە دوای راگرتنی هێرشە ئاسمانییەكان لە كۆتایی مانگی تەمموزەوە، ئیدارەی ترەمپ توندكردنەوەی سزاكانی سەر كەرتی نەوت و خستنەسەرپێی فشاری سەر بەندەرەكانی ئێرانی كردووەتە لەپێشینەی كارەكانی.

سكۆت بێسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمریكا تەئكیدی لەسەر سەپاندنی توندترین فشاری دارایی كردوەتەوە تا تاران ناچار بكەن لە گەرووی هورمز پاشەكشە بكات. رۆژنامەی نیویۆرك تایمز ئەم رێكارانەی دۆناڵد ترەمپ بە دوبارەكردنەوەی ئەزموونی خولی یەكەمی سەرۆكایەتییەكەی دەزانێت، كە لە رابردودا نەیتوانی ئێران بە گۆڕینی ئاڕاستەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی یان قبوڵكردنی داواكارییەكانی واشنتۆن ناچار بكات.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، پسپۆڕانی سیاسی و ئابووری گومانی جدییان لەسەر كاریگەریی دووبارەی ئەم سیاسەتە هەیە. لە بەشێكی تری راپۆرتەكەدا، تیشكخراوەتەی سەر لێدوانەكانی ئەم دوایەی دۆناڵد ترەمپ، بەتایبەتی دەربارەی راگەیاندنی گەرووی هورمز وەك ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەمریكا. رۆژنامەكە دەڵێت؛ ئەمەی سەرۆكی ئەمریكا دەیكات هەوڵێكە بۆ داپۆشینی شكستە سەربازی و دیپلۆماسییەكان و نیشانەی سەرگەردانیی ئیدارەكەیەتی.

نیویۆرك تایمز رایدەگەیەنێت، كە ئەم گەڕانەوەیە زیاتر لەوەی ستراتیژێكی نوێ بێت، دەرخەری بێدەسەڵاتی ئەمریكایە لە بەرامبەر ئێراندا؛ سیاسەتێك كە زەحمەتە تاران بۆ سازش رابكێشێت و رەنگە واشنتۆن روبەڕوی جەنگێك بكاتەوە كە دیار نییە كەی كۆتایی دێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو