مه‌ڵبه‌ندی دیراساتی (ی.ن.ك) پێشوازیی له وه‌فدێكی باڵای ناوه‌ندی ئه‌كادیمیی ACNS كرد كه ناوه‌ندێكی توێژینه‌وه‌ی نیشتمانییه‌و له به‌هاری ئه‌مساڵدا دامه‌زراوه‌و خۆی وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی زانستیی نیشتمانیی راگه‌یاندووه.
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ، 17/8/2026 به‌ڕێز د.یوسف گۆران لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی دیراساتی (ی.ن.ك) به ئاماده‌بوونی د.ئومێد ره‌فیق سه‌رۆكی سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌یی، له شاری سلێمانی پێشوازییان له وه‌فدێكی باڵای ناوه‌ندی ئه‌كادیمیی توێژینه‌وه‌ی نیشتمانی ACNS كرد كه پێكهاتبوو له سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆك و ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی گشتی و ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ناوه‌نده‌كه.
له دیدارێكدا، لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی دیراساتی (ی.ن.ك) پیرۆزبایی گه‌رمی له دامه‌زراندنی ناوه‌ندی ئه‌كادیمیی ACNS كرد و پشتگیریی خۆی و مه‌ڵبه‌ندی دیراسات و (ی.ن.ك)ی بۆ راگه‌یاند و دوپاتیكرده‌وه كه پشتیوانی له هه‌ر ناوه‌ندێكی زانستی ده‌كه‌ن كه به‌پێی پسپۆریی جیاواز كار بكات و بۆشایی له توێژینه‌وه زانستییه‌كاندا پڕ بكاته‌وه، له‌و رووه‌وه لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی دیراسات وه‌ك نموونه ئاماژه‌ی به كۆمه‌ڵێك بوار‌و دۆسێ كرد كه توێژینه‌وه‌ی زانستی له باره‌یانه‌وه وه‌ك پێویست نییه، ئاماده‌یی مه‌ڵبه‌نده‌كه‌شی ده‌بڕی بۆ ئه‌وه‌ی له چوارچێوه‌ی پێشكه‌شكردنی پرۆژه‌ی توێژینه‌وه‌ی پێویستدا بۆ كۆمه‌ڵگه‌و واقعی كوردستان، هاوكار و پشتیوان بێت بۆ ناوه‌نده‌كه.
له به‌رامبه‌ردا وه‌فده‌كه‌ی ناوه‌ندی ئه‌كادیمیی توێژینه‌وه‌ی نیشتمانی، تایبه‌تمه‌ندیی ئامانج و ئه‌رك و كاره‌كانی ناوه‌نده‌كه‌یان روون كرده‌وه‌و ئاماده‌ییان ده‌ربڕی بۆ هه‌ماهه‌نگی زانستی له‌گه‌ڵ مه‌ڵبه‌ندی دیراساتی (ی.ن.ك)دا و سوپاسی پێشوازی گه‌رم و سه‌رنج و تێبینییه به سووده‌كانی مه‌ڵبه‌ندی دیراساتیشیان كرد.