ئاگرە گەورەكەی ناوچەی تانجەرۆ لە سلێمانی كۆنتڕۆڵكرا

کوردستان 10:21 AM - 2026/08/18

 شەوی رابردوو، ئاگرێكی گەورە لە یەكێك لە كۆگاكانی هەڵگرتنی سوتەمەنی لە ناوچەی تانجەرۆ لە سلێمانی كەوتەوە و بەهۆیەوە نزیكەی 50 كەس برینداربوون و زیاتر لە سێ ملیۆن لیتر بەنزینیش سوتا، دواجار بە هەوڵی تیمەكانی ئاگركوژێنەوە و لایەنە پەیوەندیدارەكان بەرەبەیانی ئەمڕۆ توانرا ئاگرە گەورەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت.

لە سەعات 10ی شەوی رابردوودا، ئاگرێكی گەورە لە كۆگایەكی سوتەمەنی لە ناوچەی تانجەرۆ لەسەر رێگای قەرەداغ لە سنووری پارێزگای سلێمانی كەوتەوە كە تایبەت بووە بە كۆگای بەنزین و گاز و بەهۆیەوە تەواوی تانكەرەكانی ناو كۆگاكە سوتان كە ژمارەیان لەدەوروبەری 35 تانكەر بووە.

لە ئەنجامی ئەم رووداوە،  نزیكەی 30 ئەفسەر و كارمەندی بەرگریی شارستانیی و كرێكار و پاسەوانانی كۆگاكە بەهۆی سوتاوییەوە رەوانەی نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی سلێمانی كراون.

بەڵام خۆش بەختانە تائێستا هیچ حاڵەتێكی گیانلەدەستدان تۆمار نەكراوە. بەپێی خەمڵاندنە ناڕەسمییەكان لە رووداوەكەدا زیاتر لە سێ ملیۆن لیتر بەنزین سوتاوە، ئارام عەلی وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگرەكە بە تەواوی كۆنتڕۆڵكراوە.

تاوەكو ئێستا نازاندرێت زیانە ماددییەكان چەندێك بوون، بەڵام رامیار رزگار، وتەبێژی بازاڕی سوتەمەنیی سلێمانی رایگەیاند، سووتانی ئەو كۆگایە كاریگەریی لەسەر نرخی بەنزین نابێت.
هەرچەندە تائێستا هۆكاری ئاگركەوتنەوەكەش بەڕەسمی رانەگەیەندراوە، بەڵام شایەتحاڵێك لە شوێنی رووداوەكە رایگەیاند، هۆكارەكەی سەتڵێك بەنزین بووە كە بەدەستیەوە بووە ئاگری گرتووە و ئەو رووداوە گەورەیەی لێكەوتووەتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو