عیراق دەیەوێت هێڵێكی نوێی گواستنەوەی نەوت بەرەوبەندەری بانیاسی سوریا دروستبكات

عیراق 10:32 AM - 2026/08/18

 عیراق پلانی هەیە لە ڕێگەی پڕۆژەیەكی 15 ملیار دۆلارییەوە بە هاوكاری كۆمپانیا ئەمریكی و قەتەرییەكان، هێڵێكی نوێی گواستنەوەی نەوت بەرەو بەندەری بانیاسی سووریا دروست بكات بۆ ئەوەی چیتر تەنیا پشت بە گەرووی هورمز نەبەستێت.

بەپێی زانیاری میدیاكان،عیراق و سووریا یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنیان لەگەڵ كۆمپانیاكانی شیڤرۆنی ئەمریكی و تی ئای كاپیتال و یو سی سی قەتەری ئیمزاكردووە وپڕۆژەكەش سیستمێكی نوێیە كە كێڵگەكانی باشوور و باكووری عیراق پێكەوە دەبەستێتەوە و لە حەدیسەوە دەگاتە بانیاس.

لای خۆیەوە كۆمپانیای شیڤرۆن تەئكیدی لەوە كردووەتەوە كە هێشتا هیچ توێژینەوەیەكی تەكنیكی یان دارایی بۆ دروستكردنی هێڵەكە ئەنجام نەداوە. 

هاوكات بەپێی داتاكانی سۆمۆ، هەناردەی نەوتی عیراق لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە بۆ 35 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە مانگی تەممووزدا دابەزیوە و ئەم پڕۆژە نوێیەش وەك جێگرەوەیەك دەبینرێت بۆ هێڵە كۆنەكەی كەركووك - بانیاس كە بەهۆی شەڕەكانەوە زیانی زۆری بەركەوتووە و ئێستا لەگەڵ تایبەتمەندییە نوێیەكاندا ناگونجێت.

لێپرسراوانی ئەمریكا و كارگێڕانی كەرتی وزەش پشتیوانی لە كۆمپانیای شیڤرۆن دەكەن بۆ دروستكردنی ئەم هێڵە و ئەم هەنگاوە بەشێكە لە ستراتیژییەك بۆ كەمكردنەوەی فشارەكان لەسەرعیراق لە كاتی ئاڵۆزییەكاندا، چونكە گەرووی هورمز لە كاتی جەنگ و ململانێكاندا دەبێتە ڕێگر لەبەردەم هەناردەكردنی نەوتی عیراق بە بڕی پێویست.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو