دەستەی دەریایی بەریتانیا: لە گەرووی هورمز كەشتییەك كرایە ئامانج و ئەندامێكی تیمەكەی برینداربوو

عیراق 02:15 PM - 2026/08/18

دەستەی ئۆپەراسیۆنەكانی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا رایگەیاند، كەشتییەك لەكاتی تێپەڕاندنی گەرووی هورمز بە مووشەك هێرشی كراوەتە سەر و لە هێرشەكەدا، ئەندامێكی تیمی كەشتیوانی برینداربووە.

دەستەی ئۆپەراسیۆنەكانی بازرگانی دەریایی بەریتانیا لە راگەیەندروێكدا رایگەیاند، راپۆرتێكی پێگەیشتووە و تێیدا باسلەوەدەكات، لە كاتی جێهێشتنی ناوچەكە و تێپەڕبوونی بە گەرووی هورمزدا كەشتییەك بە مووشەكێكی نەناسراو كراوەتە ئامانج، ئەمەش بووەتە هۆی زیان گەیاندن بە ژووری بزوێنەرەكان و برینداربوونی یەكێك لە ئەندامانی تیمی كەشتییەكە.

بەپێی راگەیەندراوی دەستەكە، ئەندامانی دەستەی كەشتیوانی لەلایەن پاسەوانانی دەریایی عومانەوە هاوكاریی كراون، تەئكیدیش لەوەكراوەتەوە كە هیچ زیانێكی ژینگەیی لە ئەنجامی رووداوەكەوە تۆمار نەكراوە، بەڵام زیان بە بزوێنەری كەشتییەكە كەوتووە.

ئەم رووداوە لە كاتێكدایە، بەهۆی ململانێكانی ئەمریكا و ئێران جووڵەی كەشتیوانی لە رێگەی گەرووی هورمزەوە بۆ نزیك تەواوەتی پەكخراوە و  ژمارەی ئەو كەشتییانەی بە گەرووەكەدا تێپەڕ دەبن دابەزیوە بۆ كەمتر لە 10 كەشتی رۆژانە، لە كاتێكدا پێش هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لە 28ی شوبات، رۆژانە زیاتر لە 130 كەشتی لەو گەرووەوە هاتووچۆیان دەكرد.

داتاكانی بەدواداچوونی جوڵەی كەشتیوانی كە لەلایەن كۆمپانیای "كیپلەر"ەوە بڵاوكراونەتەوە، ئاماژەیان بۆ خاوبوونەوەیەكی بەرچاو لە جووڵەی دەریایی لە گەرووی هورمزدا كردووە، بەپێی داتاكان، رۆژی دووشەممە واتا دوێنێ تەنها 6 كەشتی بارهەڵگر گەرووەكەیان تێپەڕاندووە، سیان لەوانە ناوچەی كەنداویان جێهێشتووە و سیانەكەی تریش بە پێچەوانەوە بەرەو كەنداو چوون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو