كۆریای باشوور خۆی ئامادە دەكات بۆ ماڵئاواییكردن لە نەریتێكی سەدان ساڵە و بڕیارە لە شوباتی 2027ـەوە بەتەواوی بازرگانی بە گۆشتی سەگ قەدەغەبكات.
لە رۆژانی گەرمای هاویندا قەرەباڵغی لەو چێشتخانانەی كۆریای باشوور دەبینرێت، كە گۆشتی سەگ دەفرۆشن، چونكە بۆچوونێك هەیە كە پێیوایە خواردنی گۆشتی سەك توانای بەرگەگرتنی گەرما زیاد دەكات، هەر بۆیە هاوینی ئەمساڵ سیمایەكی جیاوازی دەبێت، چونكە دواجار دەبێت كە ئەو خواردنە بخۆن و لە ساڵی داهاتوودا بڕیاری قەدەغەكردنی گۆشتی سەگ دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
لە بازاڕی مۆران لە شاری سیۆنگنام، كە سەردەمانێك ناوەندی بازرگانی گۆشتی سەگ بووە، كۆڵانە قەرەباڵغەكان خەریكە چۆڵ دەبن و زۆربەی چێشتخانەكانیش گۆڕاون بۆ پێشكەشكردنی خواردنێكی تر لە جیاتی پێشكەشكردنی گۆشتی سەگ.
ئەم گۆڕانكارییە دراماتیكییە لەناكاو نەهاتووەتە ئاراوە، بەڵكو دەرئەنجامی كەمبوونەوەی خواست بوو لەسەر خواردنی ئەو جۆرە گۆشتە، كە بەهۆی گۆڕانی بیروڕای گشتی و زیادبوونی هۆشیاری لە مافەكانی ئاژەڵدا هاتووەتە ئاراوە، هەرچەندە ئەو یاسایەی كە لە مانگی یەكی ساڵی 2024دا لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندكرا، بەڵام كاریگەری لەسەر زیاتر لە پێنج هەزار و 600 شوێنی بازرگانی هەبووە و زۆربەی كێڵگەكانی سەگ پێش وادەی دیاریكراو داخراون.