وا دیارە قەیران و گرانبوونی بەنزینی ئۆتۆمبێل خەریكە وەك قەیرانەكانی تر دەبێتە بەشێك لە ژیانی خەڵكی هەرێمی كوردستان، چونكە تا ئێستاش حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان هیچ چارەسەرێكیان بۆ نەدۆزیوەتەوە. بێگومان لە سەرانسەری هەرێمی كوردستاندا نرخی بەنزینی بازرگانی گرانە بەتایبەتی لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك، لە هەردوو قەزای ئاكرێ و بەردەڕەش لە دهۆك شۆفێران چەندین سەعات بۆ وەرگرتنی 40 لیتر بەنزینی 750 دیناری لەژێر تیشكی خۆری چلەی هاوین لە نۆرەدا دەمێننەوە، چونكە نرخی بەنزینی بازرگانی بەشێوەیەكی بەرچاو گران بووە و ئیتر لە توانای شۆفێراندا نەماوە بیكڕن.