وەزارەتی ناوخۆیی عیراق ڕایگەیاند، باندێكی نێودەوڵەتیی ماددەی هۆشبەریان لە ئاوە هەرێمایەتییەكان بە 90 كیلۆ ماددەی كریستاڵەوە دەستگیركردووە.
عەباس بەهادلی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی كاروباری ماددەی هۆشبەر لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، "بۆ یەكەمجار و لە قوڵایی ئاوە هەرێمایەتییەكانی عیراق، هێزەكانی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر بە هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی و هێزی دەریایی، گورزێكی ئەمنییان لە باندەكانی بەقاچاغبردنی ماددەی هۆشبەر داوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو هەڵمەتە ئەمنییە بە سەرپەرشتیی دادگای لێكۆڵینەوەی ڕەسافە بووە و توانراوە سێ تۆمەتبار دەستگیر بكرێن و دەستیش بەسەر 90 كیلۆ ماددەی هۆشبەردا بگیرێت.
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراق دەشڵێت، هەڵمەتەكە ماوەی 16 سەعاتی خایاندووە بە چوون و گەڕانەوە، كە لە بەندەری ئوم قەسرەوە دەستیپێكردووە.
عەباس بەهادلی ئاماژە بەوەشدەكات، ماوەی چەندین ڕۆژ چاودێریی وردی ئەو گرووپەیان كردووە لە ئاوە هەرێمایەتییەكانی عیراق كە هاوسنووری وڵاتێكی دراوسێ بووە.