وەزیری نەوتی عیراق: هەناردەی نەوت گەیشتووەتە دوو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا

کوردستان 08:28 PM - 2026/08/14

وەزیری نەوتی عیراق، ئاشكرای كرد كە تێكڕای هەناردەی نەوتی وڵاتەكە لە سەرەتای مانگی ئابەوە بۆ 2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا بەرزبووەتەوە.
باسم محەمەد خزەیر، وەزیری نەوتی عیراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ئەسعەد عێدانی، پارێزگاری بەسرە، كردنەوەی وێستگەی چارەسەری ناوەندیی غاز (سی پی پی) لە كێڵگەی فەیحا راگەیاند. ئەم وێستگەیە توانای چارەسەركردنی 130 ملیۆن پێ سێجا غازی لە رۆژێكدا هەیە، هاوكات كێڵگەی فەیحاش رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.
وەزیری نەوتی عیراق ئاماژەی بەوە كرد، ئێستا چوار كەشتیی نەوتهەڵگر لە بەندەرەكانن بۆ باركردنی نەوتی خاوی عیراق. وتیشی، لە سەرەتای ئەم مانگەوە تێكڕای هەناردەی نەوت گەیشتووەتە 2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا، ئەوەش لە كاتێكدایە كۆی هەناردەی مانگی تەممووز نزیكەی 49 ملیۆن بەرمیل بووە. لەبارەی داهاتووی گواستنەوەی وزە، وەزیری نەوت رایگەیاند، هاوپەیمانییەكی نێوان كۆمپانیای "شیڤرۆن" و كۆمپانیای "یو سی سی" ی قەتەری پڕۆژەی بۆریی نەوتی "بەسرە - پێشخابوور" جێبەجێ دەكەن. تەئكیدی لەوەشكردەوە، ستراتیژیی حكومەتەكەی عەلی زەیدی فرەچەشنكردنی دەروازەكانی هەناردەكردنە؛ جگە لە گەرووی هورمز، كار دەكەن بۆ كاراكردنی هەناردە لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیا و هێڵی حەدیسە بۆ بەندەری بانیاسی سوریا. ئابووریی عیراق بە شێوەیەكی سەرەكی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، پێشتر بەشی زۆری ئەو نەوتەشی هەناردەی بازاڕەكانی جیهانی دەكرد لە رێگەی گەرووی هورمزەوە بوو، بەهۆی ئاڵۆزییە ئەمنییەكانی  گەرووەكە لە مانگەكانی رابردوودا، عیراق رووبەڕووی ئاڵنگاری گەورە بووەوە لە گەیاندنی نەوتەكەی بۆ بازاڕەكانی جیهان، ئەمەش بووە هۆی كەمبوونەوەی نەختینە لە گەنجینەی وڵاتەكە و دواكەوتنی مووچەی مووچەخۆران بەگشتی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو