لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران: وەزارەتی دارایی دەستی بە ئامادەكردنی بودجەی 2027 كردووە

کوردستان 11:12 PM - 2026/08/14

لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكرایكرد، وەزارەتی دارایی راستەوخۆ دەستی بە ئامادەكارییەكانی دارشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027 كردووە، ئەوەشیخستەڕوو،  هەفتەی داهاتوو یاسای بەخشین و قەرزكردن لە ئەنجومەنەكە دەخوێنرێتەوە.
سەرچاوەیەك لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكرایكرد، لە سەردانێكدا بۆ لای سەرۆك وەزیران رێككەوتن لەسەر چەندین پرسی گرنگ كراوە، لەوانەش ناردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا. 
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، وەزارەتی دارایی ستراتیژیەتی بودجەی بە بەشداری لیژنەی دارایی، چەند وەزارەتێك و نوێنەرانی هەرێمی كوردستان ئامادە كردووە.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش كرد، بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، پێویستە تاوەكو 15ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ پڕۆژەیاسای بودجە بگاتە پەرلەمان، بە مەبەستی رێكخستنی سەقامگیریی دارایی، دیاریكردنی نرخی دۆلار، نرخی بەرمیلی نەوت و میكانیزمەكانی هەناردەكردن.
لەبارەی دامەزراندن و بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی رایگەیاند، بەهۆی راگرتنی هەناردەكردنی نەوتەوە وڵات لە بارودۆخێكی دارایی سەختدایە، بەڵام هیواخوازن كێشەی پلەبەرزكردنەوە و مووچەی فەرمانبەران لە ناو بودجەی نوێدا چارەسەر بكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو