لە چوارچێوەی بڕیارەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ پاڵپشتیكردنی نرخی سووتەمەنی، لەئەمڕۆوە دابەشكردنی بەنزینی نۆڕماڵ بە نرخی 750 دینار بۆ هەر لیترێك لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە دەستیپێكرد. بۆ ئەو مەبەستەش 60 بەنزینخانە لە هەولێر و 10 بەنزینخانە لە سلێمانی و 25 بەنزینخانە لە دهۆك و دوو بەنزینخانە لە هەڵەبجە و سێ بەنزینخانە لە راپەڕین و دوو بەنزینخانە لە گەرمیان بۆ بەنزینی 750 دیناری دیاریكراون.
سەبارەت بە كوالێتیی سووتەمەنییەكە و چاودێریكردنی بازاڕ، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكان راسپێردراون بۆ ئەنجامدانی چاودێریی ورد بەسەر بەنزینخانەكاندا، هەر بەنزینخانەیەك سووتەمەنیی كوالێتی نزم بفرۆشێت ڕووبەڕووی سزای دارایی و كارگێڕی دەبێتەوە تا ئاستی داخستنی بەنزینخانەكە.
ئەم بەنزینە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە دابین دەكرێت و جیاوازیی نرخەكەی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە قەرەبوو دەكرێتەوە تا بە نرخی 750 دینار بگاتە دەستی هاووڵاتیان