سامر قاسم تائی بەڕێوەبەری گشتی گومرگی عیراق رایگەیاند، داهاتی گومرگەكان لە ماوەی حەوت مانگی یەكەمی ئەمساڵدا گەیشتۆتە دوو ترلیۆن و 500 ملیار دینار.
راشگەیاند، داهاتی گومرگی گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی، كە تا ئێستا بڕی دوو ترلیۆن و 500 ملیار دینارە، كە یەكسانە بە كۆی داهاتی تەواوی ساڵی 2025. بە وتەی سامر قاسم داهاتی گومرگی كۆكراوە لە مانگی تەمموزدا 560 ملیار دینار بووە، بەراورد بە داهاتی هەمان مانگ لە ساڵی 2025 بە ڕێژەی سەدا 150 زیادیكردووە و پێشبینیش دەكەن داهاتەكان تا كۆتایی ئەمساڵ بگاتە زیاتر لە سێ ترلیۆن و 500 ملیار دینار، كە بەرزترین داهاتە لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی عیراقەوە.
بەڕێوەبەری گشتی گومرگی عیراق باسی لەوەشكرد، ئەم داهاتانە دوای جێبەجێكردنی سیستەمی ئەسیكۆدا و بەستنەوەی ئەلیكترۆنی لە سەرجەم ناوەندەكانی گومرگی فیدراڵیدا هاتووە، كە هەموو دەزگاكانی حكومەت بەیەكەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش بەشداری كردووە لە كەمكردنەوەی گەندەڵی و خۆدزینەوە لە باج و گومرگ لە دەروازە سنوورییەكان.
داهاتی گومرگی عیراق لە سێ ساڵی رابردوودا گەشەی بەردەوامی بەخۆوە بینیوە، بەجۆرێك لە ساڵی 2023 بڕی یەك ترلیۆن دینار بووە، لە ساڵی 2024 بووەتە دوو ترلیۆن و لە ساڵی 2025دا گەیشتووەتە دوو ترلیۆن و 500 ملیار دینار.