پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بودجەی 2027دا جێگیردەكرێت

کوردستان 10:13 AM - 2026/08/15

حكومەتی عیراق بەڵێنیداوە لە بودجەی ساڵی 2027دا پارەی پێویست بۆ پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان تەرخان بكات.

وەزارەتی دارایی‌و ئابووری هەرێمی كوردستان رێككارەكانی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی دەستپێكردووەتەوە، ئەمجارە ئامانجەكە جێگیركردنی شایستە داراییەكانە لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027دا، تا لە سەرەتای ئەو ساڵەدا بڕیارەكە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و كۆتایی بە ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران بهێنرێت.

بەپێی رێكارە كارگێڕییەكانی وەزارەتی دارایی هەرێم، پێویستە گشت وەزارەت و فەرمانگەكان تا 1ی تشرینی یەكەمی 2026 كارەكانی پلەبەرزكردنەوە تەواو بكەن. پلەكانی 10 تا چوار لە دەسەڵاتی وەزارەتەكاندایە و پلەكانی سێ‌ تا یەك لە دەسەڵاتی وەزارەتی دارایی دەبێت.

ئەمەش لە كاتێكدایە فالح ساری، وەزیری دارایی عیراق بەشێوەی زارەكی بەڵێنی تەرخانكردنی بودجەی بە نوێنەرانی كورد داوە. وەفدەكانی وەزارەتی دارایی عیراقیش لە كاتی سەردانیان بۆ هەرێمی كوردستان رایانگەیاندووە، راگرتنی پلەبەرزكردنەوە نایاسایی بووە‌و نابێت بەهۆی دۆخی داراییەوە ئەو مافە پەكبخرێت. 

وەزارەتی دارایی عیراق دەستیكردووە بە ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ی عیراق‌و بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی داراییش، پێویستە تاوەكو 15ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ پڕۆژەیاسای بودجە بگاتە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو