ژمارەی ئەو كەسانەی بۆ حەجی ساڵی داهاتوو ناویان تۆماركراوە ئاشكرادەكرێن، لەوبارەیەوە شێخ وریا مەولانا خالید بەڕیوەبەری گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان بەوەكالەت لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای وردبینیەكی تەواو نزیكەی دوو هەزار و700 كەس ناویان بۆ پرۆسەی حەجی ساڵی داهاتوو تۆماركردووە.
هاوكات ئاماژەی بەوەشداوە،بۆ ساڵی 2028 نزیكە چوارهەزارو 800 كەس ناویان بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج تۆمار كردووە.
وتیشی، سەد و شانزە هەزار و693 هاووڵاتی ناویان تۆمار كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا 602 پیاوی ئاینی ناویان بۆ پرۆسەی حەج تۆماركردووە.
ئاماژەی بەوەشدا 255 كۆمپانیا و ئەوانەی پێیان دەوتڕیت حەملەدار داواكارییان پێشكەشكردووە، لەگەڵ ئەوەشدا 243 پزیشك ناویان پێشكەشكردووە وژمارەیەكیش لە خانەوادەی شەهیدان كە سالانە پشكی تایبەتی خۆیان هەیە ناویان تۆماركردووە كە لە 120 خانەوادەی شەهیدان پێكدێت.
باسیلەوەشكرد بەكۆی گشتی بۆ حەجی ئەمساڵ 120 هەزار و142 هاووڵاتی ناوی خۆیان بۆ پرۆسەی حەجی ئەمساڵ تۆماركردووە.
هەروەها شێخ وریا مەولانا خالید بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان بەوەكالەت ئاماژەی بەوەشدا، ئەو كەسانەی كە مەرجەكان نایانگرێتەوە و پێشتر حەجی تریان ئەنجامداوە ناوەكانیان لە لیستەكەدا دەهێندرێتە دەرەوەو مافی بەشداریكردنیان نابێت.
وتیشی، كار لەسەر ئەوە دەكەین پشكی زۆر بۆ كەسانی بەتەمەن بێت و زۆرینەی ئەوانەی ناویان دەردەچێت كەسانی بەتەمەن بن و تەمەنیان لە 45 ساڵی بۆ70 ساڵی بێت، ئەمەش وەك دادپەروەرییەك بۆ ئەو كەسانەی كە پێشتر گلەی ئەوەیان هەبووە كە بۆ ناویان دەرناچێت بۆ حەج.