فڕۆكە جەنگییەكانی عیراق لە جۆری "ئێف-16" حەشارگەیەكی داعشیان لە كەركوك لەناوبرد.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق لە راگەیێنراویكدا بڵاویكردەوە،جووڵەی ژمارەیەك چەكدار لە ناوچەیەكی سەختی كەركوك لەژێر چاودێری وردی هەواڵگیریدا بووە، تا دواجار فڕۆكە جەنگییەكان لە دوو هێرشی ئاسمانیی ورددا حەشارگەكەیان پێكاوە و چەكدارەكانی ناویان لەناوبردووە. ئاماژە بەوەشكراوە، ئۆپراسیۆنەكە لە سنووری فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی كەركوك و لە دۆڵی زغەیتوون ئەنجامدراوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە، داعش هەوڵ دەدات دۆڵ و ناوچە سەختەكانی كەركوك وەك حەشارگە و خاڵی دەستپێكی جووڵەكانی بەكاربهێنێت، بەڵام چاودێرییە تەكنیكی و ئاسمانییەكان رێگرییان لە جێگیربوونیان كردووە و ئەو گرووپەی لە دۆڵی زغەیتوون بوون بە تەواوی لەناوبراون.
ئەم هێرشە ئاسمانییە لە چوارچێوەی زنجیرە ئۆپراسیۆنە پێشوەختەكان دێت كە هێزە ئاسمانییەكانی عیراق بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا هەواڵگیرییەكان ئەنجامی دەدەن بۆ پاككردنەوەی ناوچە دابڕاوەكان لە پاشماوەی چەكدارانی داعش.
هێزە ئەمنییەكان تەئكید دەكەنەوە كە هیچ پەناگەیەك بۆ پاشماوەكانی داعش لەسەر خاكی عیراق ناهێڵنەوە.