وردەكاری ئاگرە گەورەكەی ناوچەی تانجەرۆ

کوردستان 03:36 PM - 2026/08/18

 شەوی رابردوو، ئاگرێكی گەورە لە یەكێك لە كۆگاكانی هەڵگرتنی سوتەمەنی لە ناوچەی تانجەرۆ لە سلێمانی كەوتەوە و بەهۆیەوە 41 كەس برینداربوون كە برینی یەكێكیان سەختە، لە ئەنجامی ئاگرەكە زیاتر لە سێ ملیۆن لیتر بەنزین سوتا، دواجار بە هەوڵی تیمەكانی ئاگركوژێنەوە و لایەنە پەیوەندیدارەكان بەرەبەیانی ئەمڕۆ توانرا ئاگرە گەورەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت.

 سەعات 10ی شەوی رابردوودا، ئاگرێكی گەورە لە كۆگای سوتەمەنی "هەواری تازە" لە ناوچەی تانجەرۆ لەسەر رێگای قەرەداغ لە سنووری پارێزگای سلێمانی كەوتەوە، كۆگاكە تایبەت بووە بە بەنزین و گاز و بەهۆیەوە تەواوی تانكەرەكانی ناو كۆگاكە یەك لەدوای یەك تەقینەوە و سوتان كە ژمارەیان لەدەوروبەری 35 تانكەر بوون، بەپێی زانیارییەكانی گەلی كوردستان، سی لەو تانكەرانە تایبەت بون بە بەنزینی بازرگانی "واتا 750ی" نەبووە و چوارەكەی تریشیان تایبەت بوون بە گاز، هەر تەنكەرێك لەو تەنكەرانەش توانای كۆگا كردنی 100 هەزار لیتر سوتەمەنییان هەیە، لەم رووداوەدا زیاتر لە سێ ملیۆن لیتر بەنزین و زیاتر لە 400 هەزار لیتر گاز سوتاون.

لە ئەنجامی ئەم رووداوە،41 ئەفسەر و كارمەندی بەرگریی شارستانیی و كرێكار و پاسەوانانی كۆگاكە برینداربوون و ژمارەیەك لەوانە بەهۆی دۆخی تەندروستییانەوە رەوانەی نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی سلێمانی كراون، بەڵام یەكێك لەوانە برینەكەی سەختە و لەژێر چاودێری چڕی پزیشكیدایە.

تاوەكو ئێستا نازاندرێت زیانە ماددییەكان بەدیاریكراوی چەندێك بوون و كارگەرییان چییە، بەڵام رامیار رزگار، وتەبێژی بازاڕی سوتەمەنیی سلێمانی رایگەیاند، سووتانی ئەو كۆگایە كاریگەریی لەسەر نرخی بەنزین لە شارەكە نابێت.
هەرچەندە تائێستا هۆكاری ئاگركەوتنەوەكەش بەڕەسمی رانەگەیەندراوە، بەڵام شایەتحاڵێك لە شوێنی رووداوەكە رایگەیاند، هۆكارەكەی سەتڵێك بەنزین بووە كە بەدەستیەوە بووە ئاگری گرتووە وە لە ئەنجامدا ئەو رووداوە گەورەیەی لێكەوتووەتەوە. هاوكارمان رێواس حەسەن چووەتە شوێنی رووداوەكەوە راپۆرتێكی مەیدانی بۆ ئامادەكردووین با بینەری بین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو