هەواڵی تەقینەوەیەك لە دوورگەی قشم لە باشووری ئێران بڵاوبووەوە، سوپای ئێرانیش خۆی ئامادە دەكات بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێك.
بەپێی هەواڵی چەند میدیایەك، دەنگی دوو تەقینەوە لە دوورگەی قشم و بەندەر عەباس بیستراوە، بەڵام هێشتا لایەنە ئەمنییەكان هیچ زیانێكی گیانیان تۆمار نەكردووە و لێكۆڵینەوە لە سەرچاوەی دەنگەكان دەكرێت.
لەلایەكی ترەوە، بەپیی زانیارییە بڵاوكراوەكان لە میدیای ئێران، سەرەڕای سەپاندنی دوو جەنگ بەسەریاندا، هێزە چەكدارەكانی ئێران لە ئامادەباشیی تەواودان. سوپای ئەو وڵاتە بەردەوام سەرقاڵی نوێكردنەوەی سیستمە زیانلێكەوتووەكان و بەكارهێنانی كەرەستەی سەربازیی نوێیە لەپێناو بەرزكردنەوەی توانای بەرپەرچدانەوە و وەڵامدانەوەی خێرا.
عەمید محەممەد ئەكرەمی نیا، وتەبێژی سوپای ئێران باس لە پێگەی سیستمی بەرگریی ئاسمانی دەكات و بە یەكێك لە پێشینەكانی بەرگریی سەرەكی ناودەبات. ئاماژە بەوەش دەكات كە پشتیوانیكردنی ئەو بەشە بەردەوام لە پێشینەی پلان و پڕۆگرامی سوپادایە، چونكە بەرگریی ئاسمانی ڕۆڵێكی سەرەكی هەیە لە پاراستنی ئاسمانی وڵات و ژێرخانی ستراتیجیدا.
وتەبێژی سوپای ئێران ڕایگەیاندووە، لەسەر بنەمای ستراتیجیی بەرگریی گشتیی وڵات، سوپای ئێران تەركیزی خستووەتە سەر بەكارهێنانی توانای ئەندازیاری و ناوخۆییەكانی خۆی بۆ نۆژەنكردنەوەی سیستمەكان و بەرزكردنەوەی هێزی وەڵامدانەوە. ناوبراو تەئكیدی كردەوە، بەرگریی ئاسمانی بەهۆی ڕۆڵیی لە پاراستنی ئاسمان و ژێرخانە ستراتیجییەكان، هەمیشە لە سەرووی كارەكانی سوپادا دەبێت.