حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، كۆمپانیاكانی دانەغاز و كرێسنت بەبێ رەزامەندیی ئێمە غازیان داوەتە وەزارەتی كارەبای عیراق و رێوشوێنی یاسایی بۆ پاراستنی مافەكانمان دەگرینەبەر.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا سەبارەت بە هەناردەكردنی غازی كۆرمۆر بۆ وەزارەتی كارەبای عیراق ڕایگەیاند، لە چواری ئابی 2026، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن هەردوو كۆمپانیای كرێسنت پترۆلیۆم و دانەغاز، كە كارپێكەری هاوبەشی كێڵگەی كۆرمۆرن، ئاگاداركرایەوە كە دەستیان كردووە بە دابینكردنی غازی سروشتی لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ وەزارەتی كارەبای عیراق بە مەبەستی بەرهەمهێنانی كارەبا.
حكومەتی هەرێم دەڵێت، ئەم ئاگاداركردنەوەیەی تەنها لە كاتی ڕاگەیاندنی ڕەسمی كۆمپانیاكاندا پێگەیشتووە.
باس لەوەشدەكات، وەك قەوارەیەكی دەستووری و دانەبڕاو لە كۆماری فیدراڵیی عیراق، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە پابەندبووە بە بەهێزكردنی ئاسایشی وزە لە هەرێمی كوردستان و عیراق. هەرگیز دژی دابینكردنی غاز یان كارەبا بۆ هیچ بەشێكی عیراق نەبووە ، بەو مەرجەی ئەو جۆرە ڕێكخستنانە بە پابەندبوونی تەواو بە چوارچێوەی گرێبەستە كارپێكراوەكان و بە ڕەزامەندیی حكومەتی هەرێم وەك لایەنی گرێبەستكار ئەنجام بدرێن.
بڕیاری تاكلایەنانەی كۆمپانیاكان بۆ دەستپێكردنی دابینكردنی غاز بەبێ ڕەزامەندی حكومەتی هەرێم و لە دەرەوەی ئەو چوارچێوە گرێبەستییەی كە پرۆژەی كۆرمۆر بەڕێوەدەبات، بە پێشێلكردنی گرێبەستەكە هەژمار دەكرێت، هەروەها دەستوەردانێكی بێپاساوە بۆ ئەو رێكارە دامەزراوەییانەی كە پەیوەندی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی ڕێكدەخەن. ئەمەش بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی حكومەتی هەرێم.
حكومەتی هەرێم، ڕاگەیەندراوەكەی كۆمپانیاكان ڕەتدەكاتەوە كە تیایدا سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ پاڵپشتیكردنی رێكارەكانی دابینكردنی غاز، و دەڵێت حكومەتی هەرێم نە ڕەزامەندی دەربڕیوە و نە ڕێگەی بەم هەنگاوە داوە، هەر ئاماژەیەك بەوەی كە پشتیوانی یان پاڵپشتی لە بڕیارە تاكلایەنانەكەی كارپێكەرەكان كردبێت، ناڕاست و چەواشەكارانەیە.
حكومەتی هەرێم ئێستا هەڵسەنگاندنی لێكەوتە یاسایی، گرێبەستی و كارپێكردنەكانی كردارەكانی كۆمپانیاكان دەكات و سەرجەم ڕێوشوێنە گونجاوەكان دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی مافەكانی بەپێی گرێبەست، هەروەها پاراستنی ئەو چوارچێوە گرێبەستییەی كە پرۆژەی كۆرمۆر بەڕێوەدەبات.