بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەكانی ئەتروش و سەرسەنگ بەشێوەیەكی بەرچاو كەمیكردووە

کوردستان 10:51 AM - 2026/08/06

كۆمپانیای شاماران پێترۆلیۆم راپۆرتێكی لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت، لە چارەكی دووەمی 2026 تاوەكو 30 حوزەیران بڵاوكردووەتەوە و تیایدا هاتووە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەكانی ئەتروش و سەرسەنگ دابەزینێكی گەورەی بەخۆوە بینیووە و بۆ 1900 بەرمیلی رۆژانە دابەزیوە.
سەبارەت بە هۆكاری دابەزینی بەرهەمهێنانی نەوت، راپۆرتەكە باسی لەوەكردووە كە هۆكارەكەی بۆ  رەوشی ئەمنی و بەردەوامی شەڕی ئێران دەگەڕێتەوە، بەڵام بەشێكی قەرەبوو كراوەتەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی زۆری نرخەكانی نەوتی خاو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و فرۆشتنی بەرمیلێك نەوت بە سەروو 82 دۆلار.
بەپێی راپۆرتەكە، راگرتنی خۆپارێزانەی كارەكانی كێڵگەكان لە هەردوو بلۆكی ئەتروش و سەرسەنگ لە سەرەتای ئاداری 2026ـەوە تاوەكو كۆتایی حوزەیرانی 2026 وایكرد، بە شێوەیەكی بەرچاو ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە چارەكی یەكەم و دووەمی ئەمساڵدا كەمبێتەوە.
بەپێی راپۆرتەكە، تێكڕای بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە هەردوو بلۆكی ئەتروش و سەرسەنگ لە چارەكی دووەمی 2026دا دابەزیوە بۆ هەزار و 900بەرمیلی رۆاژنە، ئەوەش واتە بە رێژەی 94.7% كەمیكردووە بە بەراورد بە چارەكی یەكەمی 2026 كە رۆژانە 35 هەزار و 900 بەرمیل نەوت بەرهەمدەهات. هەروەها بە رێژەی 97% كەمیكردووە بەراورد بە چارەكی دووەمی 2025 كاتێك رۆژانە 63 هەزار و 800 بەرمیل لە هەردوو كێڵگەكەوە بەرهەمدەهێنرا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو